لە چوارچێوەی سەردانەکەیدا بۆ کەلار، ئەمڕۆ چوارشەممە (١٥ی تەمموزی ٢٠٢٦)، (قوباد تاڵەبانی) جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لەگەڵ ستافێکی زانکۆی گەرمیان بە سەرۆکایەتی (پ.د.ئاراس فەریق زەینڵ) سەرۆکی زانکۆ کۆبووەوە.
لە کۆبوونەوەکەدا، سەرۆکی زانکۆ تیشکی خستەسەر بەرنامە و پرۆژە زانستی و ئەکادیمییەکانی زانکۆ و ئاماژەی بە گرنگیی کردنەوەی ئەو بەشە زانستی و سەنتەرە نوێیانە کرد، کە ئامانج لێیان پەرەپێدانی توانستەکانی خوێندکاران و بوژانەوەی زانکۆ و خزمەتکردنی زیاتری ناوچەکەیە.
لای خۆیەوە، (قوباد تاڵەبانی) دەستخۆشی لە هەنگاو و چالاکییە زانستییەکانی زانکۆی گەرمیان کرد و پشتیوانیی تەواوی خۆی بۆ سەرخستنی کار و پڕۆژەکانی زانکۆ دەربڕی.
تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکە تەرخانکرابوو بۆ پرسی دانپێدانانی زانکۆی گەرمیان لەلایەن وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی حکومەتی فیدراڵییەوە، لەمبارەیەوە جێگری سەرۆکی حکومەت بەڵێنی بەردەوامی کارکردن لەسەر ئەم پرسەی دووپاتکردەوە و ئاماژەی بەوەدا کە لە ماوەیەکی نزیکدا شاندێکی تایبەت بۆ ئەو مەبەستە ڕەوانەی بەغدا دەکرێت، بە ئامانجی یەکلاییکردنەوە و کۆتاییهێنان بەو کەیسە.
