Garmian
زانکۆی گەرمیان
Garmian
زانکۆی گەرمیان
زانکۆی گەرمیان
هەواڵەکان

حکومەتی فیدڕاڵ دان بە زانکۆی گەرمیاندا دەنێت

2026-09-27

ڕۆژی یەکشەممە ڕێکەوتی (٢٧ / ٩ / ٢٠٢٦)

لیژنەی خوێندنی باڵای ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، میوانداری شاندی وەزارەتی خوێندنی باڵا و تویژینەوەی زانستی هەرێم و سەرۆکی زانکۆی گەرمیان و نوێنەرانی وەزارەتی خوێندنی باڵای عێراقی کرد، بۆ تاوتوێکردنی پرسی دانپێدانانی زانکۆی گەرمیان.

لە کۆبوونەوەکەدا، کە ژمارەیەک لە ئەندامانی فراکسیۆنە کوردستانییەکان ئامادەیبوون، بڕیاردرا دامەزراندنی زانکۆیەک لە خانەقین بە ناوی (زانکۆی خانەقین)، بە مەرجێک سەرۆکی ئەو زانکۆیەی کە تازە دادەمەزرێت خەڵکی خانەقین بێت، هەروەها زانکۆکە سەر بە حکومەتی فیدراڵی بێت بەپێی یاسای وەزارەت ژمارە (٤٠)ـی ساڵی ١٩٨٨ و هەموارەکانی، ستافی ئێستای بەڕێوەبردنی زانکۆکە و میکانیزمەکانی وەرگرتنی پەسەندکراو لە وەزارەتی خوێندنی باڵای فیدراڵیدا وەک خۆیان بمێننەوە تا تەواوبوونی ڕێکارەکانی دامەزراندنەکە.

هاوکات ڕێکارەکانی دامەزراندنی زانکۆکە خێرا و دیاریکراو بن، و وەرگرتنی خوێندکاران بۆ ئەمساڵ لە نێو خوێندکارانی هەرێم و هەروەها دانیشتووانی پارێزگاکانی تری فیدراڵی بەردەوام بێت.

لەگەڵ دامەزراندنی زانکۆکە، دەستبەجێ وەزارەتی خوێندنی باڵای فیدراڵ دان بە زانکۆی گەرمیان لە مێژووی دامەزراندنیەوە بنێت، ئەمەش لەپێناو بەدیهێنانی دادپەروەری بۆ خوێندکاران و نەفەوتانی ئایندەیان.

لە کۆبوونەوەکدا، سەرۆکی لیژنەی خوێندنی باڵا لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق و بریکاری وەزیری خوێندنی باڵای عێراق بەشداربوون، شاندی هەرێمیش لەلایەن (د.ئامانج عەبدوڵا سەعید) ڕاوێژکاری وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی سەرۆکایەتی دەکرا، کە لەلایەن خودی (د.ئارام محمد قادر) وەزیری خوێندنی باڵاوە بۆ یەکلاییکردنەوەی ئەم دۆسییە ڕاسپێردرابوون.

بڕیارە دواتر کۆنووسی کۆبوونەوەکە لەڕێگەی (د.ئارام محمد قادر) وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی هەرێمەوە بخرێتە بەردەم ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم و پاش پەسەندکردنی، ڕاستەوخۆ ناوەڕۆکی کۆنووسەکە دەخرێتە بواری جێبەجێکردنەوە.

ئەم کۆبوونەوەیە، پاش کۆبوونەوەی (قوباد تاڵەبانی) جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێم هات، کە ١٥ی تەمموزی ئەمساڵ لە سەردانی بۆ کەلار و کۆبوونەوەی لەگەڵ سەرۆکی زانکۆی گەرمیان، بەڵێنیدا لەماوەیەکی نزیکدا شاندێکی باڵا بۆ یەکلاکردنەوەی دۆسیەی دانپێندانانی زانکۆکە بنێرێتە بەغدا.

زانکۆ لە ڕانکەکاندا

Garmian
بەستەرەکانی سۆشیال میدیا
پەیوەندیمان پێوە بکە
ئیمەیل : info@garmian.edu.krd
مۆبایل : 009647702120160
ناونیشان : عێراق، هەرێمی کوردستان، کەلار، زانکۆی گەرمیان
زانکۆی گەرمیان - 2026