لە دەستپێکی کۆبوونەوەی ئاسایی خۆیدا کە ڕۆژی سێشەممە (٩ی حوزەیرانی ٢٠٢٦) بەڕێوەچوو، ئەنجومەنی زانکۆی گەرمیان بە سەرپەرشتی (پ.د.ئاراس فەریق زەینەڵ)سەرۆکی زانکۆ، ساتێک بە بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن لە گیانی پاکی مامۆستا و پەروەردەکاری کۆچکردوو (مامۆستا حسێن کەلاری) وەستان.
پاشان لە بڕگەیەکی تایبەتی کۆبوونەوەکەدا، وەک وەفاداری و پێزانینێک بۆ ئەو خزمەتە گەورە و بەرچاوەی کە بە کەرتی پەروەردە و خوێندنی باڵا لە ناوچەی گەرمیان پێشکەشیکردووە، ئەنجومەنی زانکۆی گەرمیان بە کۆدەنگی بڕیاریدا بە ناولێنانی کتێبخانەیەک لەنێو کەمپی زانکۆدا بە ناوی (مامۆستا حسێن کەلاری)، بۆ ئەوەی ناوی بۆ هەمیشە بە زیندوویی بمێنێتەوە.
مامۆستا حسێن مەحموود عەلی، ناسراو بە (مامۆستا حسێن کەلاری)، لە ساڵی (١٩٤٧)لە شاری کەلار لەدایکبووە، یەکێکبووە لە مامۆستا دێرین و دیارەکانی ناوچەکە کە تەمەنی خۆی لە پێناو پێگەیاندنی نەوە جیاوازەکاندا بەخشی، دواوێستگەی خزمەتی فەرمی و ئەکادیمی خۆی، وەک مامۆستا لە کۆلێجی پەروەردەی بنەڕەت بوو، و تا کاتی خانەنشینبوونی بەردەوام بوو لە بەخشینی زانست و مەعریفە، لە ڕێکەوتی (٧ی حوزەیرانی ٢٠٢٦) کۆچی دوایی کرد.
جێی وەبیرهێنانەوەیە، ساڵی ڕابردوو لە مەراسیمێکی تایبەتدا کە بە بۆنەی یادی شاری کەلار ڕێکخرابوو، سەرۆکایەتی زانکۆی گەرمیان خەڵاتی ڕێزلێنانی بەخشییە (مامۆستا حسێن کەلاری) لەبەرامبەر مێژووە پڕ لە شانازییەکەی لە خزمەتکردنی ناوچەکەدا.
