زانکۆی گەرمیان وەک هاوبەشێکی سەرەکی، بەشداری لە دەستپێکی فەرمیی پڕۆژەی نێودەوڵەتیی (ئیرەسمەس پلەس Erasmus+) کرد، کە پڕۆژەیەکی پاڵپشتیکراوی یەکێتی ئەوروپایە و ئامانج لێی پاراستن و پەرەپێدانی پێگە شوێنەواری و مێژووییەکانە.
لە کۆبوونەوەی دەستپێکی پڕۆژەکەدا، کە بەهۆی دۆخی ناوچەکەوە بەشێوەی ئۆنلاین بە بەشداری چەند زانکۆیەکی ئەوروپی و ناوخۆیی بەڕێوەچوو، (م.مەبەست عەلی) نوێنەری زانکۆی گەرمیان وتارێکی پێشکەشکرد و تێیدا جەختی لە گرنگیی هاوکاریی نێوان زانکۆکان و دامەزراوە ناوخۆییەکان کردەوە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو ئاڵەنگارییانەی ڕووبەڕووی شوێنەوارە مێژووییەکان دەبنەوە.
گرنگترین دەستکەوتەکانی پڕۆژەکە بۆ زانکۆی گەرمیان خۆی دەبینێتەوە لە بنیادنانی تاقیگەیەکی شوێنەواریی تایبەت لە ناو کەمپەسی زانکۆ بە گوژمەی نزیکەی ٥٠ هەزار یۆرۆ، هەروەها ئەنجامدانی چەندین کۆنفرانس، وۆرکشۆپ و دیداری زانستی بۆ ستافی ئەکادیمی و خوێندکاران لە ماوەی سێ ساڵی داهاتوودا.
هەر بەپێی پرۆژەکەی یەکێتی ئەوروپا بۆ زانکۆی گەرمیان، کارکردنە بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی هۆشیاریی گشتی لە پێناو پاراستن و ناساندنی کەلەپووری ناوچەکە.
جێگای ئاماژەیە، زانکۆی گەرمیان خاوەن ستراتیژێکی روونە بۆ پارێزگاریکردن لە سامانە نیشتیمانییەکان و لە ماوەی ڕابردووشدا چەندین چالاکی زانستیی هاوبەشی نێودەوڵەتی لەم بوارەدا ئەنجامداوە.
