بەپێی نوێترین ڕاپۆرتی داتابەیسی جیهانیی (Scopus) بۆ ساڵی (٢٠٢٥)، گۆڤاری زانستی (Passer)ـی سەر بە زانکۆی گەرمیان، توانی لە پلەی (Q4)ـەوە بۆ پلەی (Q3) بەرز ببێتەوە.
ئەم دەستکەوتە نوێیە، بەڵگەیەکی ڕوونە لەسەر ئاستی کواڵیتی پڕۆسەی هەڵسەنگاندنی زانستیی توێژینەوەکان و هەڵبژاردنی توێژینەوە باش و نوێیەکان و زیادبوونی ئاماژەپێدان (Citations) بۆ توێژینەوە بڵاوکراوەکان، هەروەها فراوانبوونی ناساندنی گۆڤارەکەیە لە ئاستی نێودەوڵەتی و زیادبوونی متمانەی توێژەرانە بە گۆڤارەکە.
بەوبۆنەیەوە، سەرۆکایەتی زانکۆی گەرمیان پیرۆزبایی لە ستافی بەڕێوەبردنی گۆڤاری پاسەر و تەواوی توێژەرانی زانکۆی گەرمیان و کوردستان دەکات و ڕایدەگەیەنێت: ئەم سەرکەوتنە؛ دەستکەوتێکی گەورەیە بۆ هەموو ئەو توێژەر و ئەکادیمییانەی کە بە توێژینەوەکانیان متمانەی زیاتریان بەم گۆڤارە بەخشیوە، هەروەها دەرخەری هەوڵ و ماندووبوونی بەردەوامی دەستەی نووسەران و ستافی تەکنیکیی گۆڤارەکەیە.
جەختیش دەکاتەوە کە زانکۆی گەرمیان بەردەوام دەبێت لە پاڵپشتییکردنی ئەم ڕێڕەوە زانستییە، بۆ ئەوەی گۆڤاری پاسەر بەردەوام بێت لە پێشکەشکردنی خزمەتی زیاتر بە کۆمەڵگەی ئەکادیمیی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی.
