لە چوارچێوەی هەوڵە بەردەوامەکانی سەرۆکایەتی زانکۆی گەرمیان بۆ فراوانکردنی ئاسۆی زانستی و دابینکردنی پسپۆڕییە پێویستەکان بۆ بازاڕی کار، بەشی زانستیی (وەرگێڕان) لە کۆلێجی زمان و زانستە مرۆڤایەتییەکان بۆ ساڵی خوێندنی (٢٠٢٦-٢٠٢٧) دەکرێتەوە.
ئەم هەنگاوە درێژکراوەی هەوڵەکانی (پ.د. ئاراس فەریق زەینەڵ) سەرۆکی زانکۆی گەرمیانە بە ئامانجی بوژاندنەوەی کەرتی خوێندن و پێگەیاندنی کادیری شارەزا لە بوار و پسپۆڕییە جیاوازەکاندا، کە پێویستییەکی هەنووکەیی ناوچەکەن.
بۆ ساڵی نوێی خوێندنی (٢٠٢٦-٢٠٢٧)، زانکۆی گەرمیان ئامادەکاریی تەواوی کردووە بۆ وەرگرتنی خوێندکاران لە چەندین بەشی نوێ و گرنگ، کە بریتین لە (زانستە گشتییەکان، وەرگێڕان، پەروەردەی تایبەت، مامۆستای پۆل، زانستە ئایینیەکان و گەشتوکاڵ).
جێگەی ئاماژەیە، زانکۆی گەرمیان لەمساڵی خوێندندا هەنگاوی گەورەی ناوە و (٥) بەشی زانستیی نوێی کردووەتەوە کە خزمەتێکی بەرچاو بە ناوچەکە دەکەن، ئەوانیش ( سیستەمە سیاسییەکان و سیاسەتی گشتی، ژمێریاری ئەلیکترۆنی، ئەندازیاری بیناکاری، خۆراک و خۆراکزانی، پەرەپێدان و پلاندانانی شار).
سەرۆکایەتی زانکۆی گەرمیان جەخت دەکاتەوە کە بەردەوام دەبێت لە پەرەپێدانی ژێرخانی زانستی و کردنەوەی ئەو بەشانەی کە خزمەت بە گەنجانی گەرمیان و کوردستان و پەرەپێدانی تواناکانیان دەکات.
