ئێوارەی ڕۆژی دووشەممە (١١ی ئایاری ٢٠٢٦)، (پ.د.ئاراس فەریق زەینەڵ) سەرۆکی زانکۆی گەرمیان، بە ئامادەبوونی ئەندامانی ئەنجومەنی زانکۆ، پێشوازی لە (لیۆ جیون) کونسوڵی گشتی کۆماری چین لە هەرێمی کوردستان و (ئەبو کاروان) سکرتێری گشتی حزبی شیوعی کوردستان کرد.
لە دیدارەکەدا، سەرۆکی زانکۆی گەرمیان وێڕای دەربڕینی سوپاس بۆ حزبی شیوعی لەپای ڕێکخستنی ئەم دیدارە، جەختی لەسەر ستراتیژی زانکۆ کردەوە بۆ فراوانکردنی بازنەی هەماهەنگی لەگەڵ ناوەندە زانستییەکانی جیهان.
ئاماژەی بەوەشکرد کە زانکۆی گەرمیان خوازیاری دروستکردنی پەیوەندیی پتەوە لەگەڵ زانکۆکانی وڵاتی چین، بەتایبەت لە بوارەکانی ئاڵوگۆڕی خوێندکاران و مامۆستایان و سوودمەندبوون لە پڕۆگرامە نێودەوڵەتییەکانی کونسوڵخانە بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی زانستیی کادیرانی زانکۆ.
لە تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا، کە یاریدەدەرانی سەرۆکی زانکۆ و ڕاگری کۆلێجەکان تێیدا ئامادەبوون، سەرۆکی زانکۆ چەند پێشنیارێکی گرنگی خستە بەردەم کونسوڵی چین، لەوانە ( کردنەوەی گۆشەی چین" لە کتێبخانەی ناوەندی زانکۆ، ئەنجامدانی خولی ڕاهێنانی تایبەت بە ژیریی دەستکرد (AI) بۆ مامۆستایان، بە مەبەستی پەرەپێدانی ستافی زانکۆ و ئامادەکاری بۆ زیادکردنی وانەی ژیریی دەستکرد لە بەشە جیاوازەکاندا)
لای خۆیەوە، (لیۆ جون)، ستایشی پەرۆشیی زانکۆی گەرمیانی کرد بۆ بەرەوپێشبردنی ئاستی ئەکادیمی و ڕایگەیاند: "بەجدی کار دەکەین بۆ واژۆکردنی یاداشتی لێکتێگەیشتن لەنێوان زانکۆی گەرمیان و زانکۆکانی چین”.
هاوکات کونسوڵی گشتی چین چەند هەنگاوێکی کردەیی ڕاگەیاند لەوانە (کردنەوەی گۆشەی چین لە ئایندەیەکی نزیکدا، پشتیوانی بۆ دامەزراندنی ناوەندی لێکۆڵینەوەی چینی لە زانکۆ، پەرەپێدانی زیاتر بە ئەکادیمیای هواوی لە زانکۆی گەرمیان، ڕێکخستنی کۆرسی ڕاهێنانی ئۆنلاین لە بواری ژیریی دەستکرد بۆ مامۆستایانی زانکۆ).
لە کۆتاییشدا، سەرۆکی زانکۆ و کونسوڵی گشتی چین، دیاری و ڕێزلێنانیان پێشکەش بە یەکتر کرد.
