بڕیارە لە ڕۆژانی ( ٢٦ و ٢٧ی ئازاری ٢٠٢٦)، بە هاوبەشی زانکۆی گەرمیان، کۆنفرانسێکی زانستی لەبارەی پرسی کورد بە ناونیشانی (بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کوردستان لە دووڕێیاندا) لە وڵاتی ئیتاڵیا بەڕێوەبچێت.
کۆنفرانسەکە لە زانکۆی تۆرینۆ لە شاری تۆرینۆی ئیتاڵیا ساز دەکرێت، بە بەشداری ژمارەیەک لە پسپۆڕانی ئەکادیمی ڕۆژئاوا، ئەوروپا، و پەرلەمانتارانی وڵاتانی ئەوروپی، تورکیا و عێراق. شاندێکی زانکۆی گەرمیانیش بە سەرۆکایەتی (پ.ی.د. محەمەد ئیبراهیم خەلیل) یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆ بۆ کاروباری زانستی و خوێندنی باڵا، و ئەندامێتی هەریەکە لە (پ.ی.د. سالار مەحمود محەمەدساڵح) بەڕێوەبەری پەیوەندییە ئەکادیمییە نێودەوڵەتییەکان و (پ.ی.د.ئاریان ڕەئوف عەزیز) سەرۆکی بەشی سیستمی سیاسی و سیاسەتی گشتی تێیدا بەشدار دەبن.
لە ماوەی دوو ڕۆژی چالاکییەکەدا، کە بە هاوبەشی زانکۆی تۆرینۆ، زانکۆی ڕۆژئاوا و ژمارەیەک دەزگا و ڕێکخراوی دیکە بەڕێوەدەچێت، لە چوارچێوەی چەندین پانێڵدا گفتوگۆ دەکرێت لەبارەی پرسی کورد، مێژووی نەتەوەکە، گۆڕانکارییە ئایدیۆلۆژییەکان و پرۆسەکانی دووبارە پێکهێنانەوە و تیمی زانکۆی گەرمیانیش بەشدارییەکی کارایان لەو پانێڵانەدا دەبێت.
