زانکۆی گەرمیان لە نوێترین ڕیزبەندیی نێودەوڵەتیی دامەزراوەی (SCImago) بۆ ساڵی ٢٠٢٦دا دەستکەوتێکی زانستی گرنگی تۆمارکرد و توانی پلەی یەکەم لەسەر ئاستی سەرجەم زانکۆکانی عێراق لە بواری ئەندازیاری شارستانیدا بەدەستبهێنێت.
هەر بەپێی ڕیزبەندییەکەی دامەزراوەی SCImago، لەسەر ئاستی زانکۆ حکومییەکانی هەرێمی کوردستان پلەی چوارەمی لە بواری توێژینەوەی زانستیدا بەدەستهێناوە.
ئەم سەرکەوتنە گەورەیە، دوای ڕاگەیاندنی ئەنجامەکانی ئەمساڵی دامەزراوەی ناوبراو دێت کە تێیدا هەڵسەنگاندن بۆ ئاستی زانستی و داهێنانی زانکۆکان دەکرێت لەسەر ئاستی جیهان.
بەبۆنەی ئەم پێشکەوتنە بەرچاوە، سەرۆکایەتی زانکۆی گەرمیان پیرۆزباییەکی گەرم ئاراستەی تەواوی مامۆستایان و توێژەران و فەرمانبەران و خوێندکارانی زانکۆکەمان دەکات و ئەم دەستکەوتە بە بەرهەمی دڵسۆزی و ماندووبوونی بەردەوامی هەموو لایەک دادەنێت. هاوکات جەخت دەکاتەوە کە بەردەوام دەبێت لە پشتگیریکردنی ژینگەی توێژینەوە و پەرەپێدانی تواناکان بۆ ئەوەی لە ساڵانی داهاتوودا پێگەی زانکۆی گەرمیان لە ڕیزبەندییە نێودەوڵەتییەکاندا لە ئاستێکی بەرزتردا ببینین.
