لە چوارچێوەی پەرەپێدانی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکاندا، تیمی زانکۆی گەرمیان لە زانکۆی سلێمانی بەشداری لە کۆبوونەوەی دەستپێکی پڕۆژەی MOVEکرد کە بە هاوبەشی لەگەڵ یەکێتیی ئەوروپا، ڕێکخراوی UNIMED و چەندین زانکۆی ناوخۆیی و بیانی بەڕێوەدەچێت.
ئامانجی پرۆژەکە مۆدێرنکردنی پڕۆگرامە ئەکادیمییەکان و گونجاندنی توانای دەرچووانە لەگەڵ بازاڕی کاردا.
تیمی زانکۆی گەرمیان پێکهاتبوو لە هەریەک لە (د.عەبدولمتەلب ڕەفعەت سەرحەد، د.سالار مەحمود حمەساڵح، د.ڕاماڵ ئەحمود مستەفا و م.ی.ئەرکان محەمەد)،لە چالاکییەکەدا جەختیان لە گرنگی گۆڕینەوەی ئەزموون لەگەڵ زانکۆکانی ئیتاڵیا و ئیسپانیا کردەوە بۆ کەمکردنەوەی بێکاری و بەرزکردنەوەی کوالێتی خوێندن.
بڕیارە لە ڕێکەوتی ٢٢-٢٣ی ئەیلوولی ٢٠٢٦، زانکۆی گەرمیان میوانداری خولی داهاتووی ئەم پڕۆژە گرنگە بکات، ئەم هەنگاوە دەرفەتێکی زێڕین بۆ خوێندکاران و مامۆستایان دەڕەخسێنێت تا لە نزیکەوە لەگەڵ ناوەندە زانستییە جیهانییەکان کار بکەن و پێگەی زانکۆکە لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی بەهێزتر بکەن.
