ڕۆژی دووشەممە (١٦/ ٢ / ٢٠٢٦)، بە ئامادبوونی (پ.د. ئاراس فریق زینڵ) سەرۆکی زانکۆی گەرمیان و (پ.ی.د. محمد خلیل ابراهیم) یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆ بۆ کاروباری زانستی و توێژینەوەی زانستی، کۆبوونەوەیەکی فراوان لەگەڵ نوێنەرانی ڕانکین لە کۆلێج و بەشەکانی سەر بە سەرۆکایەتی زانکۆ ئەنجامدرا.
لە کۆبوونەوەکەدا کە ( د. نازم عەبدلواحید حمەسور) لێپرسراوی ڕانکینی زانکۆی گەرمیان ئامادەبوو، بە وردی تیشکخرایە سەر گرنگی پێگەی زانکۆ لە ڕیزبەندییە جیهانییەکان و ئەو پێوەرە سەرەکییانەی دەبنەهۆی بەدەستهێنانی ئاستێکی بەرز لە ڕانکینە نێودەوڵەتییەکاندا.
هاوکات جەخت لە هاندانی مامۆستایان و توێژەران کرایەوە بۆ ئەنجامدانی توێژینەوەی زانستیی ئاستبەرز و بڵاوکردنەوەیان لە گۆڤارە جیهانییە باوەڕپێکراوەکاندا.
هەر لە کۆبوونەوەکەدا چەندین پێشنیار و ڕێگەی گونجاو بۆ ئەنجامدانی چالاکی جۆراوجۆر خرانەڕوو، بە مەبەستی بەرەوپێشبردنی زیاتری زانکۆ.
