ڕۆژی سێشەممە (٤ـی شوباتی ٢٠٢٦)، بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی و سەلامەتی زانکۆی گەرمیان بە سەرکەوتوویی کۆتایی بە خولی ڕاهێنانی پراکتیکی (فریاگوزاری سەرەتایی بۆ ڕووداوە نەخوازراوەکان) هێنا، کە بۆ ماوەی شەش ڕۆژ بەردەوام بوو.
لە مەراسیمی کۆتایی خولەکەدا، کە لە هۆڵی (شێروانە) بە ئامادەبوونی (پ.ی.د. محەمەد ئیبراهیم خەلیل) یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆ بۆ کاروباری زانستی و خوێندنی باڵا بەڕێوەچوو، بڕوانامەی بەشداریکردن بەسەر بەشداربوواندا دابەشکرا.
ئامانج لە خولەکە هەنگاوێکی گرنگی زانکۆی گەرمیانە بۆ دروستکردنی ژینگەیەکی زانکۆیی ئارام و بەرزکردنەوەی ئاستی هۆشیاری ستافی زانکۆ، کە تیایدا ستافی بەشە ناوخۆییەکان، هێزەکانی پۆلیس و سەرپەرشتیارانی تاقیگەکان وەک هێڵی یەکەمی بەرگری بەشدار بوون، تا بتوانن لە کاتی هەر ڕووداوێکی لەناکاو، پێش گەیشتنی تیمە پسپۆڕەکان بە شێوەیەکی زانستی مامەڵە بکەن.
لە کۆتایی مەراسیمەکەدا، یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆ دەستخۆشی لە بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی و سەلامەتی و تیمە ڕاهێنەرەکان کرد بۆ ڕێکخستنی ئەم خولە گرنگە، کە خزمەتێکی بەرچاو بە سەلامەتی گیانی خوێندکاران و فەرمانبەرانی زانکۆ دەگەیەنێت.
