بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی و سەلامەتی زانکۆی گەرمیان، بە ئامانجی بەرزکردنەوەی ئاستی هۆشیاری و پاراستنی گیانی خوێندکاران و فەرمانبەران، خولێکی ڕاهێنانی پراکتیکی شەش ڕۆژە لەژێر ناونیشانی (فریاگوزاری سەرەتایی بۆ ڕووداوە نەخوازراوەکان) دەستپێکرد.
ئەم خولە وەک هەنگاوێکی ستراتیژی بۆ دروستکردنی ژینگەیەکی زانکۆیی ئارام ئەنجامدەدرێت، ئامانجی سەرەکی ئامادەکردنی ستافی بەشە ناوخۆییەکان، هێزەکانی پۆلیس و سەرپەرشتیارانی تاقیگەکانە وەک هێڵی یەکەمی بەرگری تا بتوانن پێش گەیشتنی تیمە پسپۆڕەکان، بە شێوەیەکی زانستی و خێرا بەدەم ڕووداوە لەناکاوەکانەوە بچن.
خولەکە لە هۆڵی (شێروانە) و لەلایەن تیمێکی پسپۆڕ لە بوارەکانی پزیشکی و بەرگری شارستانی پێشکەش دەکرێت و دابەشکراوە بۆ دوو تەوەری سەرەکی:
1. فریاگوزاری پزیشکی: بۆ ماوەی سێ ڕۆژ بەشداربووان فێری هەڵسەنگاندنی دۆخی قوربانی، پێشکەشکردنی چارەسەری سەرەتایی و پاراستنی ژیانی برینداران دەبن تا گەیشتنی تیمی پزیشکی.
2. بەرگری شارستانی و ئاگرکوژاندنەوە: سێ ڕۆژی کۆتایی تەرخانکراوە بۆ فێربوونی بنەماکانی کوژاندنەوەی ئاگر، بەکارهێنانی ئامێرەکان، داڕشتنی پلانی گواستنەوەی سەلامەت لە کاتی مەترسیدا.
