لە چوارچێوەی هەوڵە بەردەوامەکانی سەرۆکایەتی زانکۆی گەرمیان بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی زانستی و ڕێکخستنەوەی بنەماکانی توێژینەوە، ڕۆژی سێشەممە ٢٧ـی کانوونی دووەمی ٢٠٢٦، بە سەرپەرشتی (پ.ی.د. محەمەد ئیبراهیم خەلیل) یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆ بۆ کاروباری زانستی و خوێندنی باڵا، کۆبوونەوەیەکی تایبەت بەڕێوەچوو.
کۆبوونەوەکە بە مەبەستی داڕشتنی ڕێنماییەکی گشتگیر و سەردەمیانە بوو بۆ توێژینەوە زانستییەکان لە زانکۆی گەرمیان و دانانی ئێتیکی بڵاوکردنەوەی توێژینەوە.
لە تەوەرێکی دیکەدا، گفتوگۆ لەبارەی گونجاندنی ڕێنماییەکان بەپێی بنەماکانی ڕێکخراوە جیهانییەکانی وەک یونسکۆ (UNESCO)، تەندروستی جیهانی (WHO) و ڕێککەوتننامەی هێلسینکی کرا.
داڕشتنی ئەم ئێتیکە دەبێتە بەشێکی گرنگ لە پرۆسەی بەدەستهێنانی متمانەی نێودەوڵەتی بۆ زانکۆ، هەروەها دڵنیابوونەوە لە پاراستنی مافە مەعنەوییەکانی توێژەران و ڕێگریکردن لە هەر پێشێلکارییەکی زانستی.
لە کۆتایی کۆبوونەوەکەدا، جەخت لەسەر ئەوە کرایەوە کە بوونی سیستمێکی تۆکمەی "ئێتیکی توێژینەوە" پێگەی زانکۆ لەسەر ئاستی جیهانی بەهێز دەکات و دەبێتە پاڵپشتێکی یاسایی و زانستی بۆ سەرجەم مامۆستا و توێژەرانی زانکۆی گەرمیان.
