زانکۆی گەرمیان
هەواڵەکان

ناوەندی شێروانە بۆ دۆکیومێنت و توێژینەوەی ئەکادیمی کرایەوە

2025-12-09

ڕۆژی سێشەممە (٩ـی کانونی یەکەمی ٢٠٢٥)، لە ڕێوڕەسمێکدا بە ئامادەبوونی (پرۆفیسۆر د.ئاراس فەریق زەینەڵ) سەرۆکی زانکۆی گەرمیان، ناوەندی شێروانە بۆ دۆکیومێنت و توێژینەوەی ئەکادیمی لە زانکۆی گەرمیان کرایەوە.

لە دەستپێکی مەراسیمەکە و لە چوارچێوەی پێشەنگایەکی وێنەییدا، ژمارەیەک نوسراو و بەڵگەنامەی مێژوویی و وێنەی دێرینی ناوچە جیاجیاکانی گەرمیان خرایەڕوو.

دواتریش لە هۆڵی شێروانە، بە ئامادەبوونی یاریدەدەرانی سەرۆکی زانکۆ و ژمارەیەک لە میوانان و مامۆستایان و خوێندکاران، ناوەندی شێروانە بە فەرمی ناسێنرا، لەمەراسیمەدا سەرۆکی زانکۆه گەرمیان وتەیەکی پێشکەشکرد و ئاماژەی بەوەکرد، ناوەندەکە، دەبێتە وێستگەیەکی گرنگ لە نێوان مێژوو و ئایندە، لە نێوان میراتی نووسراو و دیجیتاڵی، لە نێوان نەوەی کۆن و نەوەى نوێ. دامەزراوەیەکی پسپۆڕی و تایبەتمەندە کە بە شێوەیەکی زانستی و ئەکادیمی، ئەرکی ئەرشیفکردن و پاراستنی بەڵگەنامەو دەستنووسە مێژووییەکانە.

لە بەشێکی وتەکەیدا، (پرۆفیسۆر د.ئاراس فەریق زەینەڵ) داوای لە هەموو کەسایەتی و دامەزراوەکان کرد کە دۆکیۆمێنتی مێژوویی، یان دەستنووس، یاخود نامە، یان بەڵگەنامەیان هەیە کە بەهای مێژوویی و زانستییان هەیە، پێشکەشی ناوەندی شێروانەی بکەن.

دواتریش، (مامۆستای یاریدەدەر سەباح عەلی جاف) بەڕێوەبەری ناوەندی شێروانە بۆ دۆکیومێنت و توێژینەوەی ئەکادیمی، بە وردی تیشکی خستەسەر ئەرک و ئامانجی کارکردنی ناوەندەکە، هاوکات وتیشی: داواكارین له‌ بنه‌ماڵه‌ دێرینه‌كان له‌هه‌ریه‌ك له‌ قه‌زاكانی (كفری، خانه‌قین، كه‌لار، ده‌ربه‌ندیخان و ڕزگاری)، هه‌ر به‌ڵگه‌یه‌كی بنه‌ماڵه‌ییان لایه‌ بیخه‌نه‌ خزمه‌تی توێژه‌ران بۆ سودی گشتی، هه‌روه‌ها داواكارین له‌ مامۆستایانی ئاینی به‌ڕێز هه‌ر به‌ڵگه‌ و ده‌ستنووسێكیان لایه‌، ناوه‌نده‌كه‌ به‌ هی خۆیان بزانن و لێره‌دا بیخه‌نه‌ خزمه‌تی گشتی و له‌ فه‌وتان بیپارێزن و ناوه‌نده‌كه‌ بكه‌نه‌ ماڵی خۆیان بۆ كۆكردنه‌وه‌ و ساغكردنه‌وه‌ و توێژینه‌وه‌كردن له‌‌بارەیانەوە له‌ داهاتوودا.

(کورد و کوردستان لە بەڵگەنامەکاندا)، ناونیشانی سیمینارێکی (پرۆفیسۆری یاریدەدەر د.ڕەنجدەر محەمەد عەزیز) بوو، کە لەچوارچێوەی مەراسیمەکەدا پێشکەشیکرد و گرنگی و بایەخی ئەمجۆرە ناوەندە زانسییانەشی خستەڕوو.

لە کۆتاییشدا، سەرۆکی زانکۆی گەرمیان بڕوانامەی ڕێزلێنانی بەخشییە (پرۆفیسۆری یاریدەدەر د.ڕەنجدەر محەمەد عەزیز).

زانکۆ لە ڕانکەکاندا

Garmian
بەستەرەکانی سۆشیال میدیا
پەیوەندیمان پێوە بکە
ئیمەیل : info@garmian.edu.krd
مۆبایل : 009647702120160
ناونیشان : عێراق، هەرێمی کوردستان، کەلار، زانکۆی گەرمیان
زانکۆی گەرمیان - 2025