ڕۆژی چوارشەممە (٣ـی کانونی یەکەمی ٢٠٢٥) بەبۆنەی ڕۆژی جیهانی کەسانی خاوەن پێداویستی تایبەت، سیمینارێکی زانستی بەناونیشانی (منداڵانی خاوەن پێداویستی تایبەت لەنێوان بایەخپێدانی زانستی و ئامێزانی کۆمەڵایەتیدا) لە کۆلێجی پەروەردەی بنەڕەت ڕێکخرا.
سیمینارەکە لە هۆڵی شێرکۆ بێکەس و لەلایەن (د.هەڵمەت فایەق دەرویش) کە هەڵگری بڕوانامەی دکتۆرایە لە بواری پەروەردەی تایبەت؛ پێشکەشکرا، تێیدا (پرۆفیسۆر د.کۆمار نعمەت شەوکەت) ڕاگری کۆلێجی پەروەردەی بنەڕەت و ژمارەیەکی بەرچاو لە مامۆستایان و خوێندکاران ئامادەبوون.
لە سیمینارەکەدا نوێترین داتا و زانیارییەکان سەبارەت بە ڕێژە و جۆرەکانی کەسانی خاوەن پێداویستی تایبەت خرانەڕوو، جەختکرایەوە لەسەر گرنگی گەشەپێدان و لەئامێزگردنی کارای ئەم منداڵانە لەناو خوێندنگە و کۆمەڵگەدا.
هاوکات باس لەگرنگی یەکخستنی هەوڵەکانی (پەروەردە، خێزان و زانکۆ) کرا لەپاڵپشتی زانستی و هاوکاری کۆمەڵایەتی بۆ باشترکردنی ئەزموونی پەروەردەیی و کۆمەڵایەتییان.
لە بەشێکی دیکەی چالاکییە زانستییەکەدا، (د.هەڵمەت فایەق دەرویش) ئاماژەی بە هەنگاوێکی کردەیی زانکۆی گەرمیان کرد بۆ خزمەتکردنی کەسانی خاوەن پێداویستی تایبەت ئەویش لەرێگەی کردنەوەی بەشی پەروەردەی تایبەت کە ساڵی خوێندنی داهاتوو دەکرێتەوە بە ئامانجی پشتیوانیکردنی ئەو پرۆسەیە و دابینکردنی کادری پسپۆڕ و لێهاتوو.
