ڕۆژی پێنجشەممە (٢٧ـی تشرینی دووەمی ٢٠٢٥)، ئاهەنگەکە لە یاریگای شێروانە لە شاری کەلار، بە ئامادەبوونی سەرپەرشتیاری ئیدارەی گەرمیان و سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی گەرمیان و ژمارەیەک لە بەرپرسانی حکومی سنورەکە ڕێکخرا.
لەچوارچێوەی (٨) کۆلێج و (٢)بەشی سەربەخۆ، (١١٥٠) خوێندکار دەرچوون و بڕوانامەی بەکالۆریۆسیان پێبەخشرا.
لە وتەیەکدا، (پرۆفیسۆر د.ئاراس فەریق زەینەڵ) سەرۆکی زانکۆی گەرمیان وێڕای پیرۆزباییکردن لە دەرچووەکان و کەسوکاریان وتی: لەئەمڕۆوە قۆناغێکی تازەی ژیانتان دەست پێدەكات، قۆناغێک تێیدا دەتوانن زانست و توانا و ئەزموونی وەرگیراوتان لەزانکۆ، لە کەرتی گشتی و تایبەتدا بخەنە خزمەتی کۆمەڵگا.
هاوکات سوپاس و پێزانینی ئاراستەى سەرجەم مامۆستایان و فەرمانبەرانی زانکۆ کرد، کە بەوپەڕی توانا و لێهاتوویی و دڵسۆزییەوە ئەزموونی خۆیان خستووەتە خزمەت پێگەیاندن و سەرکەوتنی خوێندکارانەوە.
سەرۆکی زانکۆی گەرمیان لەبەشێکی دیکەی وتەکەیدا، داوایکرد حکومەتی هەرێمی کوردستان هەوڵەکانی بەگەڕبخات لەپێناو سودوەرگرتن لەو ئەزمون و زانستەی خوێندکاران و هاوپێشەكانیان لە تەواوی زانكۆكانی كوردستاندا بەدەستان هێناوە، لەپێناو بەخشینی دەرفەت بە خوێندکاران و پێدانی هێزو وزەی تازە بە دامەزراوەکانی حکومەت.
