زانکۆی گەرمیان
هەواڵەکان

‎زانکۆی گەرمیان یاداشتی لێکتێگەیشتنی لەگەڵ زانکۆی نێودەوڵەتی قەیوان واژۆکرد

2025-10-27

ڕۆژی دووشەممە (٢٧ـی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٥)، (پرۆفیسۆر د.ئاراس فەریق زەینەڵ) سەرۆکی زانکۆی گەرمیان، پێشوازیکرد لە شاندێکی زانکۆی نێودەوڵەتی قەیوان، کە بەمەبەستی دروستکردن و پەرەپێدانی پەیوەندییە زانستییە ئەکادیمییەکان سەردانی زانکۆکەیان کردبوو.

شاندەکەی زانکۆی نێودەوڵەتی قەیوان، کە پێکهاتبوون لە (پرۆفیسۆر د.موهد ئەزرای قاسم) سەرۆکی زانکۆ و (د.زانا عەبدولکەریم) یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆ بۆ کاروباری کارگێڕی و دارایی و (د.زانا جەمال کەریم) ڕاگری کۆلێجی زانستە تەندروستییەکان، گفتوگۆیان لەبارەی وردەکاری چۆنێتی گەشەپێدانی پەیوەندی ئەکادیمی و زانستی و خستنە خزمەتی هەردوو زانکۆی گەرمیان و قەیوان کرد.

هەر لەو دیدارەدا کە (پرۆفیسۆری یاریدەدەر د.محەمەد ئیبراهیم خەلیل) یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆی گەرمیان بۆ کاروباری زانستی و خوێندنی باڵا و (پرۆفیسۆری یاریدەدەر سالار محمود) بەڕێوەبەری پەیوەندییە ئەکادیمییە نێودەوڵەتییەکان ئامادەیبوون، شاندی میوان داواکاربوون زانکۆی گەرمیان هاوکار و هەماهەنگ بێت لە کردنەوەی خوێندنی باڵا لە زانکۆی نێودەوڵەتی قەیوان، لایخۆیەوە (پرۆفیسۆر د.ئاراس فەریق زەینەڵ) جەختیکردەوە لە بەدەمەوەهاتنی زانکۆی گەرمیان و ئامادەی هەموو هاوکارییەکانی سەرۆکایەتی زانکۆی لەوبارەیەوە خستەڕوو.

دواتر، لە هۆڵی ئەنجومەنی زانکۆی گەرمیان، یاداشتی لێکتێگەیشتن لەنێوان هەردوو زانکۆ، لەلایەن (پرۆفیسۆر د.ئاراس فەریق زەینەڵ) و (پرۆفیسۆر د.موهد ئەزرای قاسم) واژۆکرا.

لە گرنگترین خاڵەکانی نێو یاداشتی لێکتێگەیشتنەکەدا هاتووە، هەردوو زانکۆ بەشداری بە خوێندکاران و مامۆستایانیان دەکەن لە کۆرسە کورتخایەنەکان لە زانکۆکانی یەکتر، هاوکات ئاشناکردن و گەشتی زانستی خوێندکارانی هەردوولا بە زانکۆکانی بەرامبەر، ئەنجامدانی کۆنفرانسی زانستی نێودەوڵەتی هاوبەش بەتایبەت لە بوارە پزیشکی و زانستییەکاندا، هاوکاریکردنی زانکۆی گەرمیان لە دروستکردنی پەیوەندی لەگەڵ زانکۆکانی مالیزیا.

دواتریش شاندی میوان، هۆڵ و تاقیگە پزیشکییەکانی کۆلێجی پزیشکی و بەشە زانستییەکانی کۆلێجی پەروەردەیان لەنێو کەمپی سەرەکی زانکۆ لەبەردەسوور بەسەرکردەوە.

زانکۆی نێودەوڵەتی قەیوان، لە ساڵی (٢٠١٨) وەک بەشێک لە زانکۆی (UTM)ی مالیزیا، لە شاری سلێمانی دامەزراوە.

زانکۆ لە ڕانکەکاندا

Garmian
بەستەرەکانی سۆشیال میدیا
پەیوەندیمان پێوە بکە
ئیمەیل : info@garmian.edu.krd
مۆبایل : 009647702120160
ناونیشان : عێراق، هەرێمی کوردستان، کەلار، زانکۆی گەرمیان
زانکۆی گەرمیان - 2025