ڕۆژی دووشەممە، ڕێکەوتی (٢٠ـی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٥) لە مەراسیمێکدا بە ئامادەبوونی (پرۆفیسۆر د.ئاراس فەریق زەینەڵ) سەرۆکی زانکۆی گەرمیان، بڕوانامە بەسەر بەشداربووانی خولی هەشتەمی پێداگۆجی دابەشکرا.
لە مەراسیمەکەدا کە هەریەک لە یاریدەدەرانی سەرۆکی زانکۆ و ڕاگری کۆلێجی زانست ئامادەبوون، بڕوانامە بەسەر (٤٥) بەشداربووی خولی پێداگۆجی دابەشکرا، کە لەماوەی شەش مانگی ڕابردوودا لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی سەنتەری ڕاهێنانی پێداگۆجی و پەرەپێدانی ئەکادیمی زانکۆی گەرمیانەوە، ڕاهێنانیان پێکرابوو.
لە وتەیەکدا، (پرۆفیسۆر د.ئاراس فەریق زەینەڵ) باسی لە ڕۆڵ و گرنگی خولی پێداگۆجی لە باشترکردنی کوالێتی خوێندن و بەرزکردنەوەی ئاستی زانست و زانیاری و لێهاتوویی مامۆستا و خوێندکار کرد، هاوکات سوپاس و دەستخۆشی لە ستافی بەڕێوەبەرایەتی سەنتەری پێداگۆجی زانکۆی گەرمیان کرد و وتی: جێی شانازی زانکۆیە کە ستافی سەنتەرمان لەسەر ئاستی وەزارەت و زانکۆکانی هەرێمدا یەکێکە لە باشترین سەنتەرەکانی ڕاهێنانی پێداگۆجی.
وتیشی: لەگەڵ وەرگرتنی ئەم بڕوانامەیەدا بەرپرسیارێتییەکی گەورەتان دەکەوێتە ئەستۆ، بەرپرسیارێتی ئەوەی کە ئەو زانیاری و توانایەی وەرتانگرتووە بیخەنە بواری کردار و ببنە هۆی باشترکردنی کوالێتی پەروەردە لە دامەزراوەکانتاندا و ببنە بەشێک لە گۆڕانکاری ئەرێنی لە سیستەمی پەروەردەماندا.
لە کۆتایی مەراسیمەکدا، لەڕێگەی نمایشکردنی پۆستەرەوە هەر گروپێکی بەشداری خولەکە، پرۆژەی کۆتایی خۆیان نمایشکرد و بڕوانامەیان پێبەخشرا.