زانکۆی گەرمیان
هەواڵەکان

سەرۆکی زانکۆی گەرمیان: هەوڵی جدی بۆ کردنەوەى بەشی پەروەردەى تایبەت دەدەین

2025-10-07

ڕۆژی سێشەممە (٧ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٥)، بەشێک لە ستافی مامۆستایانی ناوەندی پەروەردەى پێشوەختەى کەلار بۆ منداڵانی خاوەن پێداویستی تایبەت، سەردانی سەرۆکایەتی زانکۆی گەرمیانیان کرد و لەلایەن (پرۆفیسۆر د.ئاراس فەریق زەینەڵ) سەرۆکی زانکۆوە پێشوازییان لێکرا.

هاتنی مامۆستایانی ناوەندەکە، بەمەبەستی دروستکردنی پەیوەندی و هەماهەنگیکردن بوو لەگەڵ زانکۆ، هەروەها باسیان لە بایەخ و گرنگی کردنەوەى ناوەندی پەروەردەى پێشوەختەى کەلار بۆ منداڵانی خاوەن پێداویستی تایبەت کرد، بۆ منداڵان و خێزانەکانیان لە سنوری کەلاردا وەک تاکە ناوەندی حکومی لەو بوارە.

هاوکات داواکارییەکی فەرمییان بە نوسراوی بەڕێوەبەرایەتی گشتی پەروەردەى گەرمیان و بەڕێوەبەرایەتی پەروەردەی کەلار، پێشکەش بە سەرۆکایەتی زانکۆی گەرمیان کرد بەمەبەستی کردنەوەى (بەشی پەروەردەى تایبەت)، لایخۆیەوە (پرۆفیسۆر د.ئاراس فەریق زەینەڵ) ئامادەیی زانکۆی گەرمیانی بۆ پاڵپشتی و هاوکاریکردنی ناوەندەکە دووپاتکردەوە و لەبارەى داواکارییەکەشیانەوە ڕایگەیاند: پێشتر پرۆپۆزڵی کردنەوەى بەشی پەروەردەى تایبەتمان ئامادەکردووە و ڕشتین لەسەر کردنەوەى.

وتیشی: هەر ئەمڕۆ جارێکیتر داواکارییەکە ئاراستەى یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆ بۆ کاروبارى زانستی و خوێندنی باڵا و بەڕێوەبەرایەتی دڵنیایی جۆری زانکۆ دەکەم، تاوەکو لەگەڵ پرۆپۆزڵی کردنەوەى بەشەکە، داواکاری ناوەندی پەروەردەى پێشوەختەى کەلار بۆ منداڵانی خاوەن پێداویستی تایبەت بەرزبکەینەوە بۆ وەزارەت.

لە بەشێکی دیکەى دیدارەکەدا، سەرۆکی زانکۆی گەرمیان ڕوونیکردەوە بەسوودوەرگرتن لە ستاف و پسپۆڕانی بوارەکە لەزانکۆ، ئامادەن خولی کورت و درێژخایەن بۆ ستافی ناوەندە پەروەردەییەکە بکەنەوە و هەرچی لەتوانایاندا بێت درێغی نەکەن بۆ سەرخستن و بەرەوپێشبردنی ناوەندەکە، تاوەکو منداڵانی خاوەن پێداویستی سنوورەکە لە پەروەردە و فێربوون بێبەش نەبن.

زانکۆ لە ڕانکەکاندا

Garmian
بەستەرەکانی سۆشیال میدیا
پەیوەندیمان پێوە بکە
ئیمەیل : info@garmian.edu.krd
مۆبایل : 009647702120160
ناونیشان : عێراق، هەرێمی کوردستان، کەلار، زانکۆی گەرمیان
زانکۆی گەرمیان - 2025