زانکۆی گەرمیان
هەواڵەکان

زانکۆی گەرمیان بووە بەشێک لە پرۆژەی تاقیکاری متمانەبەخشین

2025-10-01

ڕۆژی چوارشەممە (١ـی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٥) بۆردی ئەمیندارانی دەستەی متمانەبەخشین بە دامەزراوەکان و پرۆگرامەکانی پەروەردە و خوێندنی باڵا لە هەرێمی کوردستان (KAAE) کۆبووەوە و بڕیاردرا زانکۆی گەرمیان ببێتە بەشێک لە پرۆژەی تاقیکاری متمانەبەخشین.

لەکۆبوونەوەکەدا کە بە ئامادەبوونی (مەسرور بارزانی) سەرۆکی حکومەتی هەرێم کە هاوکات سەرۆکی بۆرد و (قوباد تاڵەبانی) جێگری سەرۆکی حکومەت کە هاوکات جێگری سەرۆکی بۆردی ئەمیندارانی دەستەی متمانەبەخشینە، بەڕێوەچوو، ئاماژە بە ئامانجی دەستەکە کرا لە پێشخستن و باشترکردنی پێوەر و ستاندارد و کواڵێتی خوێندن لە هەرێمی کوردستان.

دوای گفتوگۆ و ڕاگۆڕینەوە لە بارەی کارنامەی کۆبوونەوەکە، چەند بڕیارێکی پێویست دران ، لەوانە پەسەندکردنی ستانداردەکانی پەروەردە و خوێندنی باڵا، ڕێبەری متمانەبەخشین بە دامەزراوەکانی ئەکادیمی و سیستەمی ڕیزبەندیی ئەو دامەزراوانە لە هەرێمی کوردستان بەپێی ستانداردەکانی متمانەبەخشین.

هەروەها بڕیاردرا زانکۆکانی کاتۆلیک لە هەولێر، زانکۆی گەرمیان، زانکۆی سۆران، زانکۆی نەورۆز و زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی ببن بە بەشێك لە پرۆژەی تاقیکاری متمانەبەخشین.

هاوکات، ڕۆژی سێشەممە (٣٠ـی ئەیلولی ٢٠٢٥) هەریەکە لە (د.ئەڤین هیدایەت) بەڕێوەبەری دڵنیایی جۆری و پەرەپێدانی پرۆگرامەکان و ( پرۆفیسۆری یاریدەدەر د.نازم عەبدولواحید حەمەسور) لێپرسراوی ڕیزبەندی زانکۆی گەرمیان، لەشاری هەولێر بەشدارییان لە کۆبوونەوەی داڕشتنی پلاندانانی ستراتیژی بۆ دەستەی متمانەبەخشین بە دامەزراوەکان و پڕۆگرامەکانی پەروەردە و خوێندنی باڵا لە هەرێمی کوردستان (KAAE) کرد.

بەوبۆنەیەوە، پرۆفیسۆری یاریدەدەر د.نازم عەبدولواحید) ڕایگەیاند: بوون بە بەشێک لە پرۆژەی متمانەبەخشین هەنگاو و دەستکەوتێکی گەورەیە بۆ زانکۆی گەرمیان و بە جێگربوونی زانکۆ لەنێو دەستەکەدا، ئاستی زانستی و کارگێڕی و پەیوەندییە ئەکادیمییەکانی زانکۆی گەرمیان دەچنە قۆناغێکی دیکەوە.

دەستەی متمانەبەخشین بە پڕۆگرامەکان و دامەزراوەکانی پەروەردە و خوێندنی باڵا لە هەرێمی کوردستان (KAAE)، دامەزراوەیەکی باوەڕپێکردنی نیشتمانییە کە لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە دامەزراوە لەڕێگەی پرۆژەیاسایەک کە لە مانگی حوزەیرانی ساڵی 2022 دەرچووە.

ئەرکی سەرەکی دەستەکە، بەرزکردنەوەی کواڵێتی خوێندنە لە هەرێمی کوردستان لەگەڵ بەرەوپێشبردنی کلتوری بەرەوپێشچوون و باشتربوونی بەردەوام، گەشەپێدان، شەفافیەت و لێپرسینەوە. وەک دەستەیەکی کارگێڕی سەربەخۆ لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستان پاڵپشتی دەکرێت و لە نزیکەوە هاوکاری وەزارەتی پەروەردە و وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی دەکەن، هاوکات ستانداردی توند دادەنێن بۆ دڵنیابوون لە کوالێتی پەروەردە و دابینکردنی میکانیزمی کاریگەر بۆ جێبەجێکردنیان، جگە لەوەش KAAE هاوکاری هەردوو وەزارەت دەکات لە داڕشتن و پاڵپشتیکردنی سیاسەتەکان بۆ دەستەبەرکردنی خوێندنی کوالیتی بەرز لە سەرتاسەری هەرێمەکەدا.

زانکۆ لە ڕانکەکاندا

Garmian
بەستەرەکانی سۆشیال میدیا
پەیوەندیمان پێوە بکە
ئیمەیل : info@garmian.edu.krd
مۆبایل : 009647702120160
ناونیشان : عێراق، هەرێمی کوردستان، کەلار، زانکۆی گەرمیان
زانکۆی گەرمیان - 2025