ڕۆژی دووشەممە (٨ـی ئەیلولی ٢٠٢٥)، بەبۆنەی دەستپێکردنی ساڵی نوێی خوێندنی (٢٠٢٥-٢٠٢٦)، دەستەی سەرۆکایەتی زانکۆی گەرمیان لەگەڵ سەرۆکی سەرجەم بەشە زانستییەکانی زانکۆ کۆبووەوە.
کۆبوونەوەکە بە سەرپەرشتی (پرۆفیسۆر د.ئاراس فەریق زەینەڵ) سەرۆکی زانکۆ و بەئامادەبوونی (پرۆفیسۆر د.عزەدین جمعە دەرویش) یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆ بۆ کاروباری کارگێڕی و دارایی و (پرۆفیسۆری یاریدەدەر د.محەمەد ئیبراهیم خەلیل) یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆ بۆ کاروباری زانستی و خوێندنی باڵا، لەگەڵ سەرۆکی بەشەکان، لە هۆڵی شێرکۆ بێکەس/ کۆلێجی پەروەردەی بنەڕەت، بەڕێوەچوو.
لە سەرەتادا، سەرۆکی زانکۆ بەناوی سەرۆکایەتییەوە سوپاس و دەستخۆشی لە تەواوی سەرۆک بەشەکان کرد کە دڵسۆزانە ئەرکەکانیان ڕاپەڕاندووە، هاوکات داوایکرد بۆ ئەمساڵی خوێندن بە گڕوتینی زیاترەوە چاودێری پرۆسەی خوێندن و کوالێتی زانستیی لە بەشەکانیان بکەن.
هاوکات هەریەک لە یاریدەدەرانی سەرۆکی زانکۆ، باسیان لە هەوڵەکانیان بۆ باشتر بەڕێوەچوونی لایەنە کارگێڕی و زانستییەکان کرد و جەختیان کردەوە لەسەر کار و پلانەکان بۆ بەرەوپێشبردنی زانکۆ.
دواتریش ژمارەیەک لە سەرۆک بەشەکان، پرسیار و سەرنج و تێبینییەکانیان بۆ دەستەی سەرۆکایەتی خستەڕوو و ئەوانیش لای خۆیانەوە ڕوونکردنەوە و بەرچاو ڕوونی زیاتریان بە ئامادەبووان بەخشی.