(ڕەسوڵ لەتیف عەبدولڕەحمان) خوێندکاری چالاکی ئەکادیمیای هواوی لە زانکۆی گەرمیان، بەنوێنەرایەتی عێراق و وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوڕاست؛ بەشداری لە پێشبڕکێی ساڵانەی هواوی (Huawei ICT Competition 2025) لە وڵاتی چین کرد و پلەی سێیەمی لەسەر ئاستی جیهان بەدەستهێنا.
(ڕەسوڵ لەتیف) بەشداری تاقیکردنەوەی تراکی کلاود (Cloud Track)ی کردبوو کە پێکدێت لە تەکنەلۆجیاکانی (Artificial Intelligence, Cloud Computing and Big Data)، تاقیکردنەوەکە بەشێوەی پراکتیکی بوو، کە بۆ ماوەی (٨) کاتژمێر بەردەوام بوو.
بەشداربووان لە (١٢٠) تیم پێکهاتبوون کە لە (٤٠) وڵاتی جیهانەوە گەیشتبوونە ئاستی گلۆباڵ لە وڵاتی چین.
پێشبڕکێیە لە ڕۆژی (٢٠ بۆ ٢٤ـی ئایاری ٢٠٢٥) بەڕێوەچوو، (ڕەسوڵ) کە خوێندکاری قۆناغی چوارەمە لەبەشی زانستی کۆمپیوتەری کۆلێجی زانستی زانکۆی گەرمیان، لەچوارچێوەی تیمێکدا کە پێکهاتبوون لە خوێندکارێکی زانکۆی گەشەپێدانی مرۆیی و بەسەرپەرشتی مامۆستایەکی زانکۆی کۆیە، توانیان ببنە براوەی خەڵاتی سێیەم.
پێشتریش، لە ڕێکەوتی (١٨ـی کانونی یەکەمی ٢٠٢٤)، پێشبڕکێی (ICT) هواوی بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئاسیای ناوەڕاست بە هاوبەشی لەگەڵ پەیمانگای یونسکۆ بۆ تەکنەلۆجیای زانیاری لە پەروەردە (IITE) لە وڵاتی سعودییە بەڕێوەچوو، تێیدا (رەسوڵ لەتیف) لەنێو زیاتر لە (٣٠٠) فێرخواز لە (١٩) وڵاتی تایبەت بە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و وڵاتانی ئاسیای ناوەڕاست، کە لە شاری ڕیازی پایتەختی سعودیە بەڕێوەچوو، توانی سەرکەوتن بەدەستبهێنێت.
لایخۆیەوە، (پرۆفیسۆر د.ئاراس فەریق زەینەڵ) سەرۆکی زانکۆی گەرمیان، بەناوی ئەنجومەنی زانکۆوە پیرۆزبایی ئەم دەستکەوتە زانستییە ئاراستەی خوێندکارەکەی زانکۆ دەکات، جەختیش لەسەر پاڵپشتی و هاوکاری بەردەوامی سەرۆکایەتی زانکۆ بۆ هەموو ئەو خوێندکارە چالاک و لێهاتووانەی زانکۆی گەرمیان دەکاتەوە، بەئامانجی برەودان و پێشخستنی زیاتری توانا و لێهاتووییەکانیان.