زانکۆی گەرمیان
هەواڵەکان

پێنجەمین کۆنفرانسی زانستیی نێودەوڵەتیی زانکۆی گەرمیان بەڕێوەچوو

2025-05-27

‎ڕۆژی سێشەممە (٢٧ـی ئایاری ٢٠٢٥)، پێنجەمین کۆنفرانسی زانستیی نێودەوڵەتیی زانکۆی گەرمیان بە ناونیشانی 

(بوژاندنەوەی گەوهەرە مێژوویی و کولتورییەکان لەپێناو پەرەپێدانی داینەمیکی و بەردەوامی گەشتوگوزاریدا)، لە هۆڵی شێروانەی کۆلێفی زانست بەڕێوەچوو، کە بەهاوبەشی لەگەڵ زانکۆی بۆڵۆنیای وڵاتی ئیتاڵیا و بەڕێوەبەرایەتی گشتی گەشتوگوزاری گەرمیان و بەڕێوەبەرایەتی شوێنەوار و کەلەپوری گەرمیان ڕێکخراوە.

لە کۆنفرانسەکەدا (٧٤) توێژەر لە ناوەوە و دەرەوەی هەرێم و عێراق، بە (٣٣) توێژینەوەی زانستی لە (١٤) زانکۆ و دامەزراوەی ئەکادیمی، بەشدارن، کە لەماوەی دوو ڕۆژی کۆنفرانسەکەدا پێشکەش دەکرێن.

هەریەکە لە (ئەمەل جەلال) سەرۆکی دەستەی گەشتوگوزاری هەرێم و (پرۆفیسۆری یاریدەدەر د.چیا محەمەد حەسەن) سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی گەرمیان و (د.ئاوات عومەر) سەرۆکی دادگای تێهەڵچوونەوەی گەرمیان و ئەندامانی ئەنجومەنی زانکۆی گەرمیان و ژمارەیەک بەرچاو لە بەڕێوەبەرەکانی سنوری ئیدارەی گەرمیان و مامۆستایان و خوێندکاران و فەرمانبەران ئامادەبوون.

لە دەستپێکدا، (پرۆفیسۆر د.ئاراس فەریق زەینەڵ) سەرۆکی زانکۆی گەرمیان وتەیەکی پێشکەشکرد و ئاماژەی بە گرنگی ئەنجامدانی چالاکی زانستیی بەهاوبەشی لەگەڵ لایەنەکانی دیکە کردەوە و ڕاشیگەیاند: کەلەپوور و مێژوو دەبێت ببنە هێز بۆ داهاتوو، نەک تەنها ناسنامە بۆ ڕابردوو، بۆیە بە بەبایەخەوە لە دەرئەنجام و ڕاسپاردەکانی کۆنفرانسەکە دەڕوانین، تاوەکو ببێتە سەرچاوە و هۆکارێک بۆ بوژاندنەوەی ناوچە شوێنەوارییەکان و بەرەوپێشبردنی کەرتی گەشتوگوزار.

دواتریش هەریەک لە سەرۆکی دەستەی گشتی گەشتوگوزار و کونسوڵی ئیتاڵیا و نوێنەری زانکۆی بۆڵۆنیا و بەڕێوەبەری شوێنەوار و کەلەپوری گەرمیان، بەجیا وتاریان پێشکەشکرد و جەختیان لە بایەخ و گرنگی کۆنفرانسەکە کردەوە.

زانکۆ لە ڕانکەکاندا

بەستەرەکانی سۆشیال میدیا
پەیوەندیمان پێوە بکە
ئیمەیل : info@garmian.edu.krd
مۆبایل : 009647702120160
ناونیشان : عێراق، هەرێمی کوردستان، کەلار، زانکۆی گەرمیان
زانکۆی گەرمیان - 2025