ڕۆژی سێشەممە (١٣ـی ئایاری ٢٠٢٥)، دیداری پەرەپێدانی پرۆگرامی پێداگۆجی لەلایەن وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی؛ بە ئامادەبوونی تیمێکی زانکۆی گەرمیان ڕێکخرا.
لە دیدارەکەدا کە وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی ئامادەیبوو، بەئامانجی خستنەڕووی ئەو کارانە بوو کە مامۆستایانی پێداگۆجی ماوەی زیاتر لە شەش مانگە کاری لەسەر دەکەن بەمەبەستی پەرەدان بە پڕۆگرامەکانی پێداگۆجی لە کوردستاندا کە بەشێوازێک بگونجێت لەگەڵ ئەو پێشکەوتنە خێرایەی کە لە جیهاندا ڕوودەدات.
زانکۆی گەرمیان بە تیمێک بەشداری لەو دیدارەدا کرد کە پێکهاتبوون لە (پرۆفیسۆری یاریدەدەر د.محەمەد ئیبراهیم خەلیل) یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆ بۆ کاروباری زانستی و خوێندنی باڵا، (پرۆفیسۆری یاریدەدەر د.ئەسعەد محەمەد مەحمود) وەک سەرۆکی تیمی پەرەدان بە پرۆگرامەکانی مۆدیوڵی (Edupreneurship) و (د.عومەر مەحمود ئەمین) بەڕێوەبەری سەنتەری ڕاهێنانی پێداگۆجی و پەرەپێدانی ئەکادیمی و بەشداربوو لە پەرەدان بە پڕۆگرامەکانی مۆدیوڵی (Competence based Education) و (پرۆفیسۆری یاریدەدەر د.شاخوان حەسەن عەلی) وەک بەشدار لە پەرەدان بە پڕۆگرامی مۆدیوڵی (Research and Development).
دیدارەکە لە ماوەی یەک ڕۆژدا بەڕێوەچوو، پاش پێشکەش کردنی بابەتەکان و گفتوگۆکردن و وەرگرتنی سەرنج و تێبینییەکان، ڕاسپاردەکانی دیدارەکە خوێندرانەوە و بڕیاردرا ئەرکەکە بە کراوەیی بمێنێتەوە و کاری زیاتری لەسەر بکرێت.