ڕۆژی سێشەممە (١٣ـی ئایاری ٢٠٢٥)، شاندێکی لقی گەرمیانی یەکێتی زانایانی ئایینی کوردستان، سەردانی زانکۆی گەرمیانی کرد و لەگەڵ (پرۆفیسۆر د.ئاراس فەریق زەینەڵ) سەرۆکی زانکۆ کۆبووەوە.
لە دیدارەکەدا، مامۆستایانی ئایینی پاڵپشتی و دەستخۆشی خۆیان بۆ کارە زانستییەکانی زانکۆی گەرمیان لەبواری ڕووبەڕووبوونەوەی ماددە هۆشبەرەکان و پرسی ژینگە و چەند کێشەیەکی دیکەی کۆمەڵگە کرد، کە لەڕێگەی ئەنجامدانی ئەو چالاکی زانستییانەوە، زانکۆ هەوڵی بڵاوکردنەوەی هۆشیاری و دروستکردنی ڕۆشنبیری داوە.
لە بەشێکی دیکەی دیدارەکەیاندا، شاندەکە پێشنیاری کردنەوەی بەشێکی زانستیی تایبەت بە ئایین خستەبەردەم سەرۆکایەتی زانکۆ، لایخۆیەوە (پرۆفیسۆر د.ئاراس فەریق زەینەڵ) بەڵێنیدا لەڕێگەی لیژنەی زانستیی تایبەتمەندەوە دیراسەی داواکارییەکە بکرێت و کاری جددی لەسەر بکەن.
لەکۆتاییشدا، خەڵاتی ڕێزلێنانی یەکێتی زانایانی ئایینی کوردستان/لقی گەرمیانیان پێشکەش بە سەرۆکی زانکۆ کرد.