زانکۆی گەرمیان
هەواڵەکان

لەزانکۆی گەرمیان دیداری ئەنفال بەڕێوەچوو

2025-04-15

لە درێژەی چالاکییەکانی یادکردنەوەی تاوانی ئەنفال لەلایەن سەنتەری جینۆسایدی زانکۆی گەرمیان، ڕۆژی سێشەممە (١٥ـی نیسانی ٢٠٢٥) بە ئامادەبوونی یاریدەدەرانی سەرۆکی زانکۆ چەند چالاکییەک ئەنجامدرا.

لە دەستپێکدا، پێشەنگایەکی فۆتۆگرافی بۆ (م.ی.کۆسار عومەر) بەناونیشانی (زریکە و هاواری کورد لە بیاباندا) لەنێو باڵەخانەی کۆلێجی زانست، لەلایەن (پرۆفیسۆری یاریدەدەر د.محەمەد ئیبراهیم خەلیل) یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆ بۆ کاروباری زانستی و خوێندنی باڵا کرایەوە، هاوکات تابلۆی شێوەکاری لەلایەن چوار کچە خوێندکاری بەشی باخچەی منداڵانەوە بەشێوەی ڕاستەوخۆ کێشرا، کە لەلایەن (م.کۆسرەت بورهان) مامۆستای بەشەکەوە سەرپەرشتیکرابوو.

دواتریش لە (هۆڵی شێروانە)، وتەی سەرۆکایەتی زانکۆی گەرمیان لەلایەن (پرۆفیسۆری یاریدەدەر د.محەمەد ئیبراهیم خەلیل) خوێنرایەوە و وێڕای دەستخۆشی لە ئەندامانی لیژنەکانی یادکردنەوەی ئەنفال، ئاماژەی بەوەدا کە یادکردنەوەی ئەنفال تەنها بۆ گریان و خەمباریی نییە، بەڵکو یادکردنەوەیەکە بۆ زیندوو هێشتنەوەی ئەو تاوانە لە بیرەوەریی و ناساندنی لای نەوەی نوێ.

وتیشی: زانکۆی گەرمیان وەک ناوەندێکی زانستی و ئەکادیمی، هەمیشە هەوڵی داوە بەشدار بێت لە دۆکیومێنتکردن و توێژینەوەی زانستی دەربارەی ئەنفال، دامەزراندنی سەنتەری جینۆساید لە زانکۆمان، دەرخەری گرنگی و بایەخی زانکۆمانە بە پرسەکانی جینۆسایدی گەلەکامان.

لە درێژەی ئەو چالاکییانەدا، کە (پرۆفیسۆر د.عزەدین جمعە دەرویش) یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆ بۆ کاروباری کارگێڕی و دارایی و، ژمارەیەک لە ڕاگر و مامۆستا و فەرمانبەر و خوێندکارانی زانکۆ و میوانان ئامادەیبوون، فیلمێکی دۆکیومێنتەری بەناونیشانی (گرنگی شیعر لە بەزیندووهێشتنەوەی چیرۆکەکانی ئەنفال) نمایشکرا، پاشان پانێڵێک بەناونیشانی (تاوانی جینۆساید و لێکەوتەکانی) بە بەشداری هەریەک لە (خالید سلێمان - نوسەر و ڕۆژنامەنووس، سمکۆ سابیر - نوسەر چالاکوانی بواری جینۆساید، پرۆفیسۆر د.ئومێد بەرزان برزۆ - بەڕێوەبەری سەنتەری زانکۆی گەرمیان) پێشکەشکرا و دواتریش خەڵاتی ڕێزلێنانی زانکۆی گەرمیان بەخشرایە پانێڵستەکان.

لە کۆتایی مەراسیمەکەدا، ژمارە (١ و ٢) گۆڤاری جینۆساید بەشێوەی چاپکراو بەخشرایە ئامادەبووان، کە لەلایەن سەنتەری جینۆسایدەوە ئامادە و چاپکراوە.

زانکۆ لە ڕانکەکاندا

بەستەرەکانی سۆشیال میدیا
پەیوەندیمان پێوە بکە
ئیمەیل : info@garmian.edu.krd
مۆبایل : 009647702120160
ناونیشان : عێراق، هەرێمی کوردستان، کەلار، زانکۆی گەرمیان
زانکۆی گەرمیان - 2025