زانکۆی گەرمیان خەڵاتی ڕێزلێنانی بەخشییە ژمارەیەک توێژەری زانکۆکە کە خاوەنی زۆرترین سایتەیشنن لە گۆگڵ سکۆلەردا.
ڕۆژی دووشەممە (١٠ـی ئازاری ٢٠٢٥)، بە ئامادەبوونی (پرۆفیسۆر د.ئاراس فەریق زەینەڵ) سەرۆکی زانکۆی گەرمیان و (پرۆفیسۆر د.عزەدین جمعە دەرویش) یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆ بۆ کاروباری کارگێڕی و دارایی و (پرۆفیسۆری یاریدەدەر د.محەمەد ئیبراهیم خەلیل) یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆ بۆ کاروباری زانستی و خوێندنی باڵا، مەراسیمێک بۆ ڕێزلێنان لە (١٠) توێژەری زانکۆ لە کتێبخانەی (پ.د.مستەفا زەڵمی) ڕێکخرا.
سەرۆکی زانکۆی گەرمیان لە وتەیەکدا وێڕای دەستخۆشی و پێزانین بۆ ئەرک و ڕۆڵی مامۆستایان و توێژەرانی زانکۆ، ڕایگەیاند: پشتیوان و هاوکاری ستافی ئەکادیمی زانکۆ دەبین، تاوەکو پێکەوە بتوانین هەنگاوی گەورەتر بۆ بەرەوپێشتبردنی زانکۆی گەرمیان بنێین.
لایخۆیەوە، یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆ بۆ کاروباری کارگێڕی و دارایی دڵخۆشی خۆی دەربڕی لە زیادبوونی ژمارەی ئەو توێژینەوە زانستییانەی کە مامۆستایان و توێژەرانی زانکۆی گەرمیان لە گۆڤارە ئاستبەرزەکانی جیهان بڵاویدەکەنەوە.