بەمەبەستی هەماهەنگی و ئەنجامدانی کاری هاوبەش، زانکۆی گەرمیان یاداشتێکی لێکتێگەیشتنی لەگەڵ دامەزراوەى ڤیژن بۆ لێکۆڵینەوەى ستراتیجی واژۆکرد.
ڕۆژی چوارشەممە (١٢ی شوباتی ٢٠٢٥)، شاندێکی دامەزراوەى ڤیژن بە سەرۆکایەتی (عەدنان عوسمان) سەرۆکی دامەزراوەکە، سەردانی زانکۆی گەرمیانیان کرد و لەلایەن (پرۆفیسۆر د.ئاراس فەریق زەینەڵ) سەرۆکی زانکۆ و (پرۆفیسۆر د.عزەدین جمعە دەرویش) یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆ بۆ کاروباری کارگێڕی و دارایی و (پرۆفیسۆری یاریدەدەر سالار مەحمود) بەڕێوەبەری پەیوەندییە ئەکادیمییە نێودەوڵەتییەکانەوە پێشوازییان لێکرا.
دواتر، سەرۆکی زانکۆی گەرمیان و سەرۆکی دامەزراوەى ڤیژن بۆ لێکۆڵینەوەى ستراتیجی، یاداشتێکی لێکتێگەیشتنیان بۆ ئەنجامدانی کار و چالاکیی زانستیی ئەکادیمی هاوبەش واژۆکرد، لەنێویاندا (توێژینەوەی زانستی، کۆنفرانسی زانستی، وۆرکشۆپ و سیمینارى ناوخۆیی و نێودەوڵەتی، کردنەوەى خولى پەرەپێدان).
دامەزراوەی ڤیژن بۆ لێکۆڵینەوەی ستراتیجی لەلایەن کۆمەڵێک لە دەستەبژێری ئەکادیمی و رۆژنامەوانان و رۆشنبیران دامەزراوە، دامەزراوەکە وەک خانەیەکی هزر و بونیادنەر، کاردەکات لە پێناو تێگەشتنی هاوبەش، بەئامانجی دروستکردنی داهاتوویەکی گەشەسەندوو بۆ هەرێمی کوردستان و عێراق، لە رێگەی توێژینەوە و دیالۆگ بۆ چارەسەرکردنی قەیرانەکان.