ڕۆژی چوارشەممە (٢٢ى کانونی دووەمی ٢٠٢٥)، لە مەراسیمێکی شایستەدا، زانکۆی گەرمیان قەڵغانی ڕێزلێنانی بەخشییە سێ ئەستێرەى درەوشاوەى گەرمیان لە ئاسمانی کوردستاندا.
لەمەراسیمەکەدا، (پرۆفیسۆر د.ئاراس فەریق زەینەڵ) سەرۆکی زانکۆی گەرمیان و (د.ئاوات عومەر) سەرۆکی دادگای تێهەڵچوونەوەى کەرکوک/گەرمیان و ئەندامانی ئەنجومەنی زانکۆی گەرمیان و ژمارەیەک بەرچاو لە ئەدەب دۆستان و مامۆستا و فەرمانبەرانی زانکۆی گەرمیان ئامادەبوون، تێیدا قەڵغانی ڕێزلێنان پێشکەش بە (مامۆستا لەتیف هەڵمەت، شێخ محەمەد شاکەلی، د.خەسرەو جاف) کرا.
لە وتەیەکدا، سەرۆکی زانکۆی گەرمیان ڕایگەیاند: بەگەرمی سوپاستان ئەكەم بەتەشریف هێنانتان بۆ ئەم مەراسیمە شكۆدارە، كە بۆ سێ ئەستێرە و سێ لە كەسایەتییە دیارو هەڵكەوتوەكانی ناوچەكەمان ڕێكخراوە، سێ ئەستێرە، کە ژیان و بەرهەم و نوسین و خەبات و تێکۆشانیان لە بواری خۆیاندا، نمونەن بۆمان.
وتیشی: سەرگوزشتەی ژیانیان، نمونەن کە چاویان لێ بکەین و بیانکەین بە راستەڕێی ژیان و چرای رۆشنکەرەوەی ئایندەمان.
(پرۆفیسۆر د.ئاراس فەریق زینەڵ) ئاشکراشیکرد، ئەم ڕێزلێنانە دەکەنە نەریتێکی ساڵانە و قەڵەم و کەسایەتییە دیارەکانی گەرمیان ئەوانەى لەبوارە جیاجیاکاندا جێدەستیان دیارە، بەسەردەکەنەوە.
دواتر قەڵغانی ڕێزلێنان پێشکەش بە هەرسێ نوسەر و کەسایەتی دیاری گەرمیان و کوردستان کرا، بەڵام بەهۆی نالەباری دۆخی تەندروستییانەوە، هەریەک لە (مامۆستا لەتیف هەڵمەت و شێخ محەمەد شاکەلی) نەیانتوانی ئامادەی مەراسیمەکە ببن.
دوای وەرگرتنی قەڵغانی ڕێزلێنان بە (د.خەسرەو جاف) لە وتەیەکدا ئاماژەى بەوەکرد، کە خەڵاتی زۆری لەچەندین جێگا و ناوەندی جیاواز پێبەخشراوە، بەڵام هیچیان هێندەى ئەم ڕێزلێنانەى زانکۆی گەرمیان بەهادار نییە، چونکە "قەڵغانی ڕێزلێنانی زانکۆیەکە، کە لەناوچە و زێدی لەدایکبوونمە".
لە پەیامێکی ڤیدیۆیشدا کە ئاراستەى مەراسیمەکەى کردبوو، شاعیری گەورە مامۆستا (لەتیف هەڵمەت) سوپاسی زانکۆی گەرمیانی کرد بۆ ڕێکخستنی ئەم ڕێزلێنانە.
لەتیف هەڵمەت لە ساڵی ١٩٤٧ لە شاری کفری لەدایک بووە.
یەکەم بەرهەمی شیعری لە ساڵی ١٩٦٩ لە گۆڤاری ڕزگاری بڵاوکردووەتەوە، یەکەم دیوانە شیعریش بەناوی (خوا و شارە بچکۆلەکەمان) لە ساڵى ١٩٧٠ بە چاپ گەیاندووە، یەکەم کتێبی منداڵانیش لە ساڵى ١٩٧٩ بڵاوکردۆتەوە.
تائێستا زیاتر لە ٨٠ بەرهەمی چاپ و بڵاوکردۆتەوە لە بوارەکانی (شیعر و چیرۆک و لێکۆڵینەوە و شانۆنامە و شیعر بۆ مناڵان) و چەندین خەڵاتی پێبەخشراوە.
شێخ محمد شاکەلى:
لهساڵی(1943) له كهلار لهدایكبووه، بهشداری شۆڕشی ئهیلولی كردوه، پاشان بهشداری دامهزراندنی حزبی(سۆسیالیست دیموكراتی كوردستان)ی لهساڵی(1976) كردوه.
ـ تا ساڵی (2001) ئهندامی مهكتهب سیاسی یهكێتی نیشتمانی كوردستان بووه، هاوكات لهسهر پشكی یهكێتی چهندین پۆستی وزاری لە حکومەتی هەرێم وهرگرتوه.
ـ له بواری ڕۆشنبیریدا (16) كتێبی چاپكراوی بەزمانەکانی کوردی و عەرەبی ههیه، بهرههمهكانی بهشێوهیهكی گشتی پێكهاتوون له بوارهكانی(مێژوو، پهروهرده، سیاسهت، بیرهوهری). له ساڵی(1995)ـهوه سهرپهرهشتی(ڕێكخراوی ڕوناكبیری كهركوك) دهكات.
د.خەسرەو جاف
لە ساڵی 1945 لە كەلار هاتووەتە دونیاوە.
لە ساڵی 1963ز بووەتە پێشمەرگە و بووەتە سەرلقی ناوچەی گەرمیان.
لە زانكۆی تاران كۆلیژی هونەرەجوانەكان ڕشتەی تەلارسازی تەواو كردووە و هەر لەوێ ماستەری بەدەستهێناوە.
لە ساڵی 1980 گەڕاوەتەوە بۆ عێراق و سیستەمی (دەبل ڤالیوم و ئەكمیدەی واجهات)ی بۆ یەكەمین جار لە عێراق كردووەتە باو.
تا ئێستا (140)كتێبی لە كتێبخانەی كوردایە. دوای ڕووخانی سەدام بووە بە ئەندامی پەرلەمانی عێراق (كۆمەڵەی نیشتمانی) و دەورەی دووەم (مەجلیسی نیشتمانی).
مۆنۆمێنتی شەهیدانی كوردستانی لە شاری هەولێردا دروست كردووە.
لە زانکۆکانی کامبریج و کوردستان دکتۆرای فەخری پێبەخشراوە و دکتۆرای ئەكادیمی ئەمریكیش لە قاهیرە وەرگرتووە.