زانکۆی گەرمیان
هەواڵەکان

وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی ژمارەیەک پێداویستی گەیاندە زانکۆی گەرمیان

2025-01-16

لەسەر داهاتی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی هەرێم، لە قۆناغی یەکەمدا ژمارەیەک کەلوپەل و پێداویستیی بۆ زانکۆی گەرمیان دابینکرا و بڕیارە لەماوەیەکی نزیکیشدا تاقیگەیەکی مۆدێرن بۆ کۆلێجی پزیشکی دروست بکرێت.

ڕۆژی پێنجشەممە (١٦ـی کانونی دووەمی ٢٠٢٥)، شاندێکی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی کە پێکهاتبوون لە (د.توانا نەجەف محەمەدخان) بەڕێوەبەری گشتی کارگێڕی و دارایی و نوێنەری وەزیری خوێندنی باڵاو توێژینەوەى زانستى، (م.خالید علی قادر) بەڕێوەبەری نوسینگەی وەزیر، سەردانی زانکۆی گەرمیانیان کرد و کەلوپەل و پێداویستی وەزارەتی خوێندنی باڵایان گەیاندە زانکۆکە.

لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسیدا، (پرۆفیسۆر د.ئاراس فەریق زەینەڵ) سەرۆکی زانکۆی گەرمیان، وێڕای بەخێرهاتنی شاندی میوان؛ بەناوی ئەنجومەنی زانکۆوە سوپاس و دەستخۆشی لە وەزارەتی خوێندنی باڵا و خودی (د.ئارام محەمەد قادر) وەزیری خوێندنی باڵا کرد، لەبەرامبەر دابینکردنی ئەو پێداویستییانە، کە لە قۆناغی یەکەمدا بە بڕی نزیکەی (٥٠) ملیۆن دینار کەلوپەل و پێداویستی وەک (سپلیت، تاقمی قەنەفە، کۆمپیوتەر، کورسی، پرنتەر، مێزی ئیداریی) گەیەندراوەتە زانکۆی گەرمیان.

وتیشی: بڕیارە لە قۆناغی دووەمدا ژمارەیەک کەلوپەل و پێداویستی تایبەت بە تاقیگەکانی کۆلێجی پزیشکی، لەلایەن وەزارەتی خوێندنی باڵاوە بگاتە زانکۆی گەرمیان.

سەرۆکی زانکۆی گەرمیان ئاماژەی بەوەشدا، لە مانگی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٤یش، وەزیری خوێندنی باڵا ڕەزامەندیدا لەسەر دابینکردنی کۆمەڵێک پێداویستی بۆ کۆلێجی پزیشکی.

لایخۆیەوە، (د.توانا نەجەف محەمەدخان) بەڕێوەبەری گشتی کارگێڕی و دارایی وەزارەت و نوێنەری وەزیری خوێندنی باڵا، ڕوونیکردەوە لە داهاتوویەکی نزیکدا لەسەر ڕاسپاردەی وەزیری خوێندنی باڵا، تاقیگەیەکی سەردەمیانە لەسەر داهاتی وەزارەتی خوێندنی باڵا بۆ کۆلێجی پزیشکی زانکۆی گەرمیان دروست دەکرێت.

نوێنەری وەزیری خوێندنی باڵا ئاشکراشیکرد، لە چەند هەفتەی داهاتوودا، کاری زیاتر و پارەی زیاتر بۆ زانکۆکان تەرخان دەکەن.

زانکۆ لە ڕانکەکاندا

بەستەرەکانی سۆشیال میدیا
پەیوەندیمان پێوە بکە
ئیمەیل : info@garmian.edu.krd
مۆبایل : 009647702120160
ناونیشان : عێراق، هەرێمی کوردستان، کەلار، زانکۆی گەرمیان
زانکۆی گەرمیان - 2024