بەمەبەستی هەماهەنگی و دروستکردنی پەیوەندی لەنێوان زانکۆی گەرمیان و ناوەندەکانی کەرتی تایبەتیدا، (پرۆفیسۆر د.ئاراس فەریق زەینەڵ) سەرۆکی زانکۆی گەرمیان سەردانی شاری پزیشکیی خزمەتی لەشاری کەلار کرد.
لەمیانی سەردانەکەدا، کە لەلایەن (د.ئاکۆ محەمەد) بەڕێوەبەری شاری پزیشکیی خزمەتەوە پێشوازی لێکرا، سەرۆکی زانکۆ باسی لە بایەخی ناوەندە پزیشکییە تایبەتییەکان، هاوشانی ناوەندە پزیشکییە گشتییەکان کرد بۆ خوێندکارانی کۆلێجی پزیشکی زانکۆی گەرمیان، کە بۆ کارە کرداری و پراکتیکییەکانیان دەتوانرێت سود لەم ناوەندانە ببینین.
دواتر (پرۆفیسۆر د.ئاراس فەریق زەینەڵ) بەشێوەیەکی مەیدانی بەش و یەکە جیاجیاکانی شاری پزیشکیی خزمەتی بەسەرکردەوە، لایخۆیەوە بەڕێوەبەری شارە پزیشکییەکە، ئامادەیی تەواوی خۆیان بۆ پێشوازیکردن لە خوێندکارانی کۆلێجی پزیشکی دووپات کردەوە و ڕایگەیاند: بەهەموو شێوەیەک هاوکار و یارمەتیدەری خوێندکاران دەبن.