بەمەبەستی هاندان و پاڵپشتیکردنی ئەو خوێندکارە بەهرەمەندەی زانکۆی گەرمیان کە لە پێشبڕکێی هواوی، لە ئاستی وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئاسیای ناوەڕاست پلەی یەکەمی بەدەستهێنا، (پرۆفیسۆر د.ئاراس فەریق زەینەڵ) سەرۆکی زانکۆی گەرمیان ڕێزلێنان و دیاری پێشکەش بەو خوێندکارە کرد.
ڕۆژی دووشەممە (٢٣ـی کانونی دووەمی ٢٠٢٤)، سەرۆکی زانکۆی گەرمیان، بە ئامادەبوونی (پرۆفیسۆر د.عزەدین جمعە دەرویش) یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆ بۆ کاروباری کارگێڕی و دارایی و (پرۆفیسۆری یاریدەدەر د.محەمەد ئیبراهیم خەلیل) یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆ بۆ کاروباری زانستی و خوێندنی باڵا و (پرۆفیسۆری یاریدەدەر د.عەدنان محمود ساڵح) ڕاگری کۆلێجی زانست و (پرۆفیسۆر د.حسێن ئیسماعیل) ڕاگری کۆلێجی پەروەردە، پێشوازی لە (رەسول لەتیف) خوێندکاری قۆناغی چوارەمی بەشی زانستی کۆمپیوتەر لە کۆلێجی زانستی زانکۆمان کرد.
سەرۆکی زانکۆ، پیرۆزبایی و دەستخۆشی لە (رەسول لەتیف) و ستافی پێشوو و ئێستای ئەکادیمیای هواوی زانکۆ و ستافی مامۆستایانی بەشی زانستی کۆمپیوتەر و کۆلێجی زانستی کرد، کە هەریەکە و بەجۆرێک ڕۆڵیان هەبووە لەم دەستکەوتە زانستییە تەکنەلۆجییە و ڕایگەیاند: ئێمە لە سەرۆکایەتی زانکۆ شانازیت پێوەدەکەین و سەربەرزین بە نمونەی خوێندکاری وەک ئێوە، هەرشتێک لە تواناماندابێت بۆ بەدەستهێنانی دەستکەوتی دیکە و بەشداری ئێوەی خوێندکار لە کۆنفرانس و پێشبڕکێ نێودەوڵەتییەکان، درێغی ناکەین و پشتیوان و هاوکار دەبین.
ڕۆژی چوارشەممە (١٨ـی کانونی یەکەمی ٢٠٢٤)، پێشبڕکێی (ICT) هواوی بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئاسیای ناوەڕاست بە هاوبەشی لەگەڵ پەیمانگای یونسکۆ بۆ تەکنەلۆجیای زانیاری لە پەروەردە (IITE) لە وڵاتی سعودییە بەڕێوەچوو، تێیدا خوێندکارێکی زانکۆی گەرمیان توانی سەرکەوتن بەدەستبهێنێت.
ڕەسوڵ لەتیف عەبدولڕەحمان، خوێندکاری بەشی زانستی کۆمپیوتەری کۆلێجی زانست و فێرخوازی ئەکادیمیای هواوی زانکۆی گەرمیان، بەهاوبەشی لەگەڵ زیاتر لە (٣٠٠) ھەزار فێرخواز لە (١٩) وڵاتی تایبەت بە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و وڵاتانی ئاسیای ناوەڕاست، لە شاری ڕیازی پایتەختی سعودیە بەشدارە لە مەراسیمی دابەشکردنی خەڵات بەسەر سەرکەوتوواندا.
رەسوڵ لەتیف، توانی لە تراکی (Cloud) پلەی یەکەم بەدەستبهێنێت و سەربکەوێت بۆ ئاستی جیهان، کە بڕیارە لە مانگی (ئایاری ٢٠٢٥) بۆ ماوەی (١٠) ڕۆژ لە وڵاتی چین، تاقیکردنەوە لەسەر ئاستی زانکۆکانی جیهاندا بکات.