لەچوارچێوەی کار و چالاکییەکانی پرۆژەی ئاسۆی کەلەپوری(Heritage Horizons)، زانکۆی گەرمیان بەهاوبەشی لەگەڵ زانکۆی بۆڵۆنیای ئیتاڵی و بەڕێوەبەرایەتی شوێنەوار و کەلەپوری گەرمیان بەڕێوەبەرایەتی گشتیی گەشتوگوزاری گەرمیان و سیمپۆزیۆمێکی نێودەوڵەتی بەناونیشانی “هاوپەیمانێتی ستراتیجی بۆ باشترکردنی سامانی کەلتوری و گەشتیاری کەلتوری: نمونە و باشترین ڕێکارەکان” ئەنجامدا.
ڕۆژی دووشەممە (٩ـی کانونی یەکەمی ٢٠٢٤) سیمپۆزیۆمەکە لە هۆڵی زانستی زانکۆی گەرمیان، بە ئامادەبوونی (کەیفی مستەفا عەلی) بەڕێوەبەری گشتیی شوێنەوار و کەلەپوری هەرێمی کوردستان و (پرۆفیسۆر د.عزەدین جمعە دەرویش) یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆ بۆ کاروباری کارگێڕی و دارایی و (پرۆفیسۆری یاریدەدەر د. محەمەد ئیبراهیم خەلیل) یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆ بۆ کاروباری زانستی و خوێندنی باڵا و ژمارەیەک لە مامۆستایان و خوێندکاران بەڕێوەچوو.
لەسیمپۆزیۆمەکە لە چوارچێوەی سێ پانێڵی سەرەکدا (١٥) پێشکەشکار لە ناوەوە و دەرەوەی کوردستان و وڵاتی ئیتاڵیاوە بابەتەکانیان پێشکەشکرد.
تەوەرەکانی پانێڵەکەش بریتیبوون لە:
١- پەرەپێدانی کاری هاوبەش و پێکەوەیی لە نێوان دامودەزگا ئەکادیمی و نائەکادیمیەکان لەپێناو باشترکردنی بارودۆخی شوێنە شوێنەواری و کەلەپورییەکان لە ناوچەی گەرمیان و پەرەپێدانی گەشتیاری کەلتوری لە ناوچەکە لە ڕێگەی سودوەرگرتن لە داهێنانە تەکنۆلۆجیە نوێیەکان.
٢- گرنگترین ئەو چالاکیە شوێنەواریانەی لە ناوچەی گەرمیاندا ئەنجامدراون و گرنگی و بایەخیان لە ناساندنی مێژووی ناوچەی گەرمیان.
٣- بایەخ و گرنگی داهێنانە تەکنۆلۆجیە نوێیەکان لە پاراستن و زیندوو هێشتنەوەی شوێنە شوێنەواری و کەلەپورییەکان و ڕۆڵیان لە بڵاوکردنەوەی ڕۆشنبیری گشتی لە ڕێگە بە دیجیتاڵیکردنی میراتە کەلەپورییە بەرجەستە و نابەرجەستەییەکانەوە.