پاشنیوەڕۆی چوارشەممە (۲٠۲٤/١٢/٤)، شاندێکی زانکۆی بۆڵۆنیا سەردانی زانکۆی گەرمیانیان کرد لەلایەن (پرۆفیسۆری یاریدەدەر د.محەمەد ئیبراهیم خەلیل ) یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆ بۆ کاروباری زانستی و خوێندنی باڵا پێشوازییان لێکرا.
لە کۆبوونەوەیەکدا کە پرۆفیسۆری یاریدەدەر (سالار محمود) بەڕێوەبەری پەیوەندییە ئەکادیمیەکانی زانکۆ ئامادەیبوو، بەرنامەڕێژی بۆ کاری هاوبەش و ئەنجامدانی چالاکی زانستی نێوان هەردوو زانکۆ کرا.
هەردوو زانکۆ ڕێککەوتن لەسەر بەرنامەڕێژی بۆ پرۆژەیەکی هاوبەشی ماوەدرێژ لە چوارچێوەی پرۆژەکانی ئیراسمەس پڵەس (Erasmus+)ـی یەکێتی ئەوروپا، پرۆژەکە لە بواری میراتی کەلەپوری (Cultural Heritage) دەبێت، کە بوارێکی گرنگە بۆ زانکۆی گەرمیان بەتایبەت و دەڤەری گەرمیان بە گشتی.
لەئێستاشدا زانکۆی گەرمیان و زانکۆی بۆڵۆنیا ئەندامن لە پرۆژەیەکی دیکەی هاوبەشی ماوەکورت لەهەمان بوار کە لە (تشرینی یەکەمی ٢٠٢٤) دەستیپێکردووە و تاوەکو (ئایار ٢٠٢٥) بەردەوام دەبێت، ئەوەش دەستپێکێکی گرنگە بۆ پتەوکردنی پەیوەندییەکانی هەردوو زانکۆ.