زانکۆی گەرمیان بەهاوبەشی لەگەڵ زانکۆی بۆڵۆنیا لە ئیتاڵیا و بەڕێوەبەرایەتی شوێنەواری گەرمیان و بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی گەشتوگوزاری گەرمیان، ڕۆژی یەکشەممە (١٧ـی تشرینی دووەمی ٢٠٢٤) وۆرکشۆپێکی نێودەوڵەتی بەناونیشانی (بەڕێوەبردن، پاراستن و پەرەپێدانی میراتی کەلەپوری) لە هۆڵی شێرکۆ بێکەس/ کۆلێجی پەروەردەی بنەڕەت ئەنجامدا.
ئەم چالاکیە زانستییە لە چوارچێوەی پرۆژەی (ئاسۆی کەلەپور-Heritage Horizons) بەڕێوەچوو بە ئامانجی ناساندنی پرۆژەی ئاسۆی کەلەپور و خستنەڕووی پلان و ستراتیجی پرۆژەکە بۆ ئایندە و ناساندنی بایەخ و گرنگی شوێنەوار و کەلەپور لە ناوچەی گەرمیان کە ناسنامە و ڕەهەندی نیشتیمانین، هەروەها خستنەڕووی بەها پەروەردەیی و مێژوویی و ڕۆشنبیرییەکانی شوێنە کەلەپوری و شوێنەوارییەکان.
لە سەرەتای وۆرکشۆپەکەدا، (پ.ی سالار محمود حمەصالح) بەڕێوەبەری پەیوەندییە ئەکادیمییەکانی زانکۆی گەرمیان، باسی لە گرنگی ئەم جۆرە هەماهەنگییانەی نێوان زانکۆ و زانکۆکانی دەرەوەکرد.
لەچوارچێوەی وۆرکشۆپەکەدا، هەریەک لە (د.سیرینێلا مانچینی) مامۆستا لە زانکۆی بۆڵۆنیا، ئیتاڵیا و نێردەی میساک، (سۆپرێنتێندێنزای) بەڕێوەبەرایەتی شوێنەواری ئیتاڵی، (ئیلێیانا دێ-جوسێپێ) مامۆستا لە زانکۆی کالیفۆرنیا-ئێرڤاین، ئەمریکا، (د. ئەلیساندرا پێروتزێتۆ) لە سندوقی جیهانی بۆ شوێنەوار، ئەمریکا، (م. مەبەست علی محمد) مامۆستا لە زانکۆی گەرمیان، (سالار فەقێ محمد) لە بەڕێوەبەرایەتی گشتی گەشتوگوزاری گەرمیان، (محمد علی کریم) لە بەڕێوەبەرایەتی شوێنەواری گەرمیان، بە پێشکەشکردنی سیمینار بەشداربوون.
شایەنی باسە، پرۆژەی (ئاسۆی کەلەپور-Heritage Horizons) پرۆژەیەکی نێودەوڵەتی کورتخایەنی هاوبەشە لە نێوان زانکۆی بۆڵۆنیا، زانکۆی گەرمیان، بەڕێوەبەرایەتی شوێنەوار و کەلەپووری گەرمیان، بەڕێوەبەرایەتی گەشتوگوزاری گەرمیان، نێردەی ئیتاڵیا بۆ مێژوو و شوێنەوار لە کوردستان (ناسراو بە میساک). پرۆژەکە ماوەیەکە دەستی بە کارەکانی کردووە و تاوەکو مانگی پێنجی ۲٠۲٥ بەردەوام دەبێت. ئامانجی پرۆژەکە خزمەتکردنە به شوێنەوارەکانی دەڤەری گەرمیان، لەپێناو ڕێکخستنەوه و خزمەتكردن و پارێزگاريكردن لێیان و ناساندنيان وەك شوێنى گەشتيارى بەڕێگەی مودێرن، کە بەپێی پرۆپۆزەڵى پرۆژەكه داڕێژراوە.