بە ئامادەبوونى (پ.د.فەرھاد قادر)سەرۆکی زانکۆی گەرمیان و (پ.ی.د.یادگار عەلی مەحمود)یاریدەدەری سەرۆکى زانکۆى بۆ کاروباری زانستی و خوێندنی باڵا و(پ.ی.د. کۆمار نیعمەت) ڕاگری کۆلێجى پەروەردەى بنەڕەت و (پ.د.حسین اسماعیل) ڕاگری کۆلێجی پەروەردە، بەشێک لە مامۆستایان و خوێندکاران و میوانان، فێستیڤاڵى ئەدەبیى ئاران دەستپێکرد، ڕۆژى یەکەمى سەرکەوتووانە و بە ئەنجامدانى چەند چالاکییەک بەڕێوەچوو.
ئەمڕۆ سێشەممە(٢٧ـی شوباتی ٢٠٢٤) لە هۆڵى شێرکۆ بێکەس لە کۆلێجى پەروەردەى بنەڕەت، چالاکییەکانى ساڵى حەوتەمین فێستیڤاڵى ئەدەبیى ئاران بە دروشمى “حەوتەوانەی ئاران بە ئاسمانی داھێنانەوە دەدرەوشێتەوە” دەستیانپێکرد و تیایدا چەند چالاکییەکى هونەرى، ئەدەبی ئەنجامدران.
لەسەرەتادا وتهی سهرۆكایهتی بهشی زمانی كوردی و لیژنهی ئامادهكاری حەوتەمین فێستیڤاڵی ئهدهبیی ئاران لەلایەن (د.مەریوان حەمە کەریم ) پێشکەشکرا
لە وتەیەکیدا، پ.د.فەرھاد قادر سەرۆکى زانکۆ وتى: فێستیڤاڵى ئەدەبیى ئاران یەکێکە لە ئەو هەوڵە گرنگ و نوێیانەی کە بەشی کوردی لە کۆلێجی پەروەردەی بنەرەتی زانکۆى گەرمیان لە بوارى شیعر و چیرۆکدا کارى لەسەر دەکات، خۆشحاڵین کە ئەم چالاکییە لە ئاستى بەش و کۆلێج و پاشانیش لە ئاستى زانکۆى گەرمیانی تێپەڕاندوو توانرا خوێندکاران لە زانکۆکانی تریش بەشداربن، وتی ئەوەش یەکێکە لە ئەو ئامانجانەى کە هەر لە سەرەتاوە ئاران هەوڵى بۆ داوە بەردەوام دەبێت وتیشی ؛سەرەتا ئاران موڵکی کۆلێجی پەروەردەی بنەڕەت بوو دواتر فراوان کرا و بوو بە موڵکی زانکۆی گەرمیان و لە ئێستادا ساڵ بەساڵ فراوان تر ئەبێت.
لە بەشێکى ترى قسەکانیدا، سەرۆکى زانکۆى گەرمیان بەتایبەتى بەخێرهاتنى کەسایەتی ئاران (مامۆستا ئەحمەد شاکەلی) ى کرد و باسی لە تواناکانی بەڕێزیانیکرد کە لە ماوەی چل ساڵی ڕابردوو خزمەتێکی بەرچاوی بە چیرۆکی کوردی و لەھەمان کاتدا وەکو مامۆستا و پەروەردەکار خزمەتێکی بەرچاوی بە کوردستان و گەرمیان کردووە.
دواتریش، نوێنەرى ڕێکخراوى هاوکاریى ئەڵمانیى (زیاد فایەق) لە بەشێکى وتەیەکیدا وتى کە خۆشحاڵن بۆ جارى چوارەمە هاوکاری فێستیڤاڵى ئارانن، وتى ئامانجمانە گرنگیى زیاتر بە تواناکانى خوێندکاران بدەین و وەکو ناوەندێکى ئەکادیمی باڵا (زانکۆى گەرمیان) بکەین بە چەتری کۆکەرەوەى خوێندکارانى ناوەوە و دەرەوەى زانکۆکە، ئامادەیى ڕێکخراوەکەشی نیشاندا بۆ هاوکاریى کردنی بەشى زمانى کوردى تاوەکو بتوانن فێستیڤاڵى ببەنە ئاستى هەرێمى کوردستان.
پاشان لەبارەى کارەکانى شەش ساڵى ڕابردووى ئاران، ڕاپۆرتێکى ڤیدیۆیى نمایشکرا، دواتر، ڕۆژى یەکەم بە چەند بەستەو گۆرانیەکی کوردی لەلایەن گروپی سەنتەری گەنجانی کەلار دەستیانپێکرد،
لە بەشێکی تری فێستیڤاڵی ئاراندا سیمینارێکی زانستی لەژێر ناوی (خوێندنەوەیەک بۆ ئەزموونی شیعری ڕۆژ هەڵەبجەیی) لەلایەن (د.ھەژار فەقێ سلێمان) پێشکەشکرا و بە ووردی تیشکی خستە سەر بەرھەمەکانی شاعیر ڕۆژ ھەڵەبجەیی.
لە کۆتایى چالاکییەکانى ڕۆژى یەکەمدا، لەلایەن دەستەى ئامادەکاری فێستیڤاڵەوە، خەڵاتى کەسایەتى فێستیڤاڵ پێشکەش بە مامۆستا و چیرۆکنوس (مامۆستا ئەحمەد شاکەلی) کرا.
ھەر لە چوارچێوەی کارەکانی فێستیڤاڵی ئاران پێشانگەی کاری دەستی گرووپی شێوەکارانی کفری و پێشانگەی کتێب بەڕێوەچوو .
بڕیارە سبەینێ چوارشەممە چالاکییەکانى ئاران بەردەوامیى هەبێت کە بریتییە لە کێبڕکێى نێوان شاعیران و خوازیاران لە ژانرە جیاوازەکانى نوسینى ئەدەبییدا.
ئاران فێستیڤاڵێكی ئهدهبییه و پێشبڕكێی شیعر و چیرۆكه له نێوان خوێندكاراندا و بهشی زمانی كوردی له كۆلێجی پهروهردهی بنهڕهت ساڵانه ئهنجامی ئهدات لە ساڵی ٢٠١٧ دەستپێکردووە و تاوەکو ئێستا بەردەوامی ھەیە.