زانکۆی گەرمیان
هەواڵەکان

له‌ پێناو ئێستا و ئاینده‌یه‌كی گه‌شتر بۆ گه‌رمیان، چوارەمین كۆنفرانسی زانستیی نێوده‌وڵه‌تی زانکۆی گەرمیان بەڕێوەچوو

2024-03-03

ئەمرۆ یەکشەممە ٣ـئازاری ٢٠٢٤ لە ھۆڵی بەڕێوەبەرایەتی گشتی ڕۆشنبیریی و ھونەریی گەرمیان بەئامادەبوونی (پ.د.فەرھاد قادر) سەرۆکی زانکۆی گەرمیان و(ڕامیار عەبدالرحمان) جێگری سەرپەرشتیاری ئیدارەی گەرمیان و (د. محەمەد سابیر)سەرۆکی دامەزراوەی سەرۆک جەلال تاڵەبانی و(سالار مەحمود) لێپرسراوی مەڵبەندی گەرمیانی یەکێتی نیشتمانی کوردستان و (پ.ی.د. چیا محەمەد حەسەن) سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی گەرمیان و (پ.د.عزالدین جمعە دەروێش)یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆ بۆ کاروباری کارگێری و دارایی و (پ.ی.د. یادگار عەلی مەحمود) یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆ بۆ کاروباری زانستیی و خوێندنی باڵا و بەشێک لە لێپرسراوانی ئیداری ناوچەکە و ڕاگری کۆلێجەکانی زانکۆمان و ژمارەیەکی زۆر لە مامۆستایان و توێژەران لە زانکۆ ناوخۆیی و دەرەکییەکاندا بەشدار بوون، بە دروشمی (له‌ پێناو ئێستا و ئاینده‌یه‌كی گه‌شتر بۆ گه‌رمیان) سه‌رۆكایه‌تی زانكۆی گه‌رمیان بە ھەماھەنگی لەگەڵ دامەزراوەی سەرۆک(جەلال تاڵەبانی)، چوارمین كۆنفرانسی زانستیی نێوده‌وڵه‌تی خۆیی لەژێر ناونیشانی: ( گه‌رمیان له‌ كایه‌ی زانسته‌ مرۆڤایه‌تییه‌كاندا) ئەنجامدا.

دەستپێکی کۆنفرانس بە دەقیقەیەک وەستان بۆ گیانی پاکی شەھیدان دەستیپێکرد.

دواتر وتاری لیژنەی ئامادەکاری کۆنفرانس لەلایەن (پ.ی.د.کەریم ئەحمەد عەزیز) خوێندرایەوە.

پاشان سەرۆکی زانکۆی گەرمیان وتاری ھاوبەشی سەرۆکایەتی زانکۆی گەرمیان و دامەزراوەی سەرۆک (جەلال تاڵەبانی) پێشکەشکرد.

لە وتارەکەیدا سەرۆکی زانکۆ وێڕای بەخێرھاتنی میوانان و توێژەران باسی لەوەکرد و وتی؛ لە سۆنگەی پێگەی دەوڵەمەندی و دێرینی گەرمیان و گرنگی پێگەی زانستە مرۆڤاییەتیەکان لەبواری توێژینەوەدا ئەنجامدانی ئەم کۆنفرانسەمان بە ئەرک و پێویست زانی، لەپێناوی ئەوەش بازنەی ھەوڵە زانستییەکانمان فراوانتر بێت و تەنھا لە ناوچەیەکی دیاریکراودا قەتیس نەبێت بڕیارماندا کۆنفرانسەکە بە نێودەوڵەتی بێت.

لە درێژەی وتەکەیدا سەرۆکی زانکۆی گەرمیان ھیوای خواست کە لە ڕێگەی جێبەجێکردنی ڕاسپاردەکانی کۆنفرانسەکەوە خزمەتێکی زیاتر بە گەرمیانی بکەن و کاری گەورەتری بەداوادا بێت.

لەکۆتایی قسەکاندا سەرۆکی زانکۆ باسی لەوەکرد کە ئەم ھەوڵە لە چوارچێوەی ئەو ڕێککەوتنە زانستییە کە لەماوەی ڕابردوو لەگەڵ دامەزراوەی سەرۆک (جەلال تاڵەبانی) ئەنجامیانداوە بەتایبەت بۆ پەرەپێدان بە بواری ئەکادیمی و ڕۆشنبیری لە گەرمیاندا ھاتۆتە بەرھەم.

لەبەشێکی تری کۆنفرانسەکەدا نمایشێکی ڤیدیۆیی بەناونیشانی ئینفۆگرافیکێک لەسەر گەرمیان نمایشکرا.

دواتر کینۆت سپیکەرەکانی کۆنفرانس ھەریەکەو پوختەیەکی لە توێژینەوەی پێشکەشکرد کە بریتی بوون

لەچوار توێژینەوەی زانستی لە بوارە جیاوازەکاندا.

کۆنفرانسەکە بە بەشداری دەیان توێژەری ناوخۆیی و دەرەکی و دامەزراوەی ئەکادیمی و پەروەردەیی و رۆشنبیریی جیاواز لە وڵاتانی ئەوروپا و تورکیا و میسر و ئێران و عێراق بەڕێوەچوو .

تەوەرەکانی کۆنفرانسەکە بریتین لە ؛

(زمان و ئەدەب، مێژوو ،شوێنەوار، جوگرافیا ، ئایین ، کلتور، یاسا، سیاسەت، وەرزش، ھونەر ، ڕۆشنبیری ، پەروەردە و خوێندن ، زانستە کۆمەڵایەتییەکان ، زانستەکانی تر).

کۆنفرانسەکە ٨٤ پوختەی توێژینەوەی بۆھاتووە لەو ژمارەیە ٦٢ توێژینەوە گەیشتووە بە دەست لیژنەی زانستی کۆنفرانس. دوای ھەڵسەنگاندن لەلایەن ھەڵسەنگێنەرانەوە ٤٨ توێژینەوەی وەرگیراوە و ١٤ توێژینەوەی ڕەتکراوەتەوە توێژینەوەکان لە ١٧ زانکۆ و پەیمانگا بە زمانەکانی کوردی، عەرەبی ، ئینگلیزی ، فارسی گەیشتووە بەدەست لیژنەی زانستی کۆنفرانس.

جێگەی ئاماژەییە ئەمرۆ ڕۆژی یەکەمی کۆنفرانسەکە بوو سبەی ڕۆژی دووەم و کۆتایی دەبێت تیایدا پوختەی چەند توێژینەوەیەک پێشکەش دەکرێت و دواتر ئەنجام و ڕاسپاردەکانی کۆنفرانسەکە لەلایەن لیژنەی زانستی کۆنفرانسەکەوە پێشکەش دەکرێت.

زانکۆ لە ڕانکەکاندا

بەستەرەکانی سۆشیال میدیا
پەیوەندیمان پێوە بکە
ئیمەیل : info@garmian.edu.krd
مۆبایل : 009647700444084
ناونیشان : عێراق، هەرێمی کوردستان، کەلار، زانکۆی گەرمیان
زانکۆی گەرمیان - 2024