بەمەبەستی بەدواداچوون بۆ پرسی دانپێدانانی زانکۆی گەرمیان لەلایەن حکومەتی عێراقەوە، ڕۆژی پێنجشەممە (١٤ـی تشرینی دووەمی ٢٠٢٤)، سەرۆکی زانکۆی گەرمیان سەردانی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی عێراقی کرد.
لەچوارچێوەی هەوڵە بەردەوامەکانی سەرۆکی زانکۆ بۆ تەواوکردنی ڕێکارەکانی داننان بە زانکۆی گەرمیان، (پ.د.ئاراس فەریق زەینەڵ) بە هەماهەنگی لەگەڵ (سوزان مەنسور کەرەم) ئەندامی فراکسیۆنی یەکێتی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، لەشاری بەغدا لەگەڵ بەرپرسانی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی عێراق دیدارێکیان ئەنجامدا.
لە دیدارەکەدا، کە سەرۆکی زانکۆی دیالە ئامادەیبوو، لەگەڵ لیژنەیەکی باڵای وەزارەتی خوێندنی باڵا کە پێکهاتبوون لە ( بەڕێوەبەری بەشی دیراسات و پلاندانان، بەڕێوەبەری ئای تی، یاریدەدەری بەڕێوەبەری گشتی دیراسات و پلاندانان و بەدواداچوون، بەڕێوەبەری نوسینگەی وەزیر)، باس لە قۆناغەکانی نەهێشتنی گرفتەکانی بەردەم پرۆسەی دانپێدانانی زانکۆی گەرمیان کرا و بەڵێنی چارەسەرکردنی درا.
لەو دیدارەدا، هەردوولا هاوڕابوون لەسەر یەکلاکردنەوەی پرسەکە و سەرۆکی زانکۆی گەرمیانیش جەختیکردەوە، کە هێشتنەوەی پرسی دانپێدانانی زانکۆ بەهەڵواسراوی، زیانی زۆری بە دەرچووانی زانکۆی گەرمیان گەیاندووە و چارەنووسی هەزاران دەرچووی بەنادیاری هێشتووەتەوە، بۆیە بەپێویستیزانی هەرچی زووە بەهەوڵی هەموولایەک کۆسپ و لەمپەرەکانی بەردەم پرۆسەکە لابدرێن.
لە هەفتەی یەکەمی دەستبەکاربوونییەوە، (پ.د.ئاراس فەریق زەینەڵ) لەڕێگەی جیاجیاوە هەنگاوی پێویست و جددی بۆ پرسی دانپێدانانی زانکۆی گەرمیان گرتووەتەبەر، تا یەکلاکردنەوەی پرسەکەش لە هەوڵەکان بەردەوام دەبێت.