زانکۆی گەرمیان
هەواڵەکان

ئاڵوگۆڕ لە پۆستى سەرۆکى زانکۆى گەرمیان ئەنجامدرا

2024-08-04

وەزیرى خوێندنى باڵا: "بۆ ھەموومان گرنگە خزمەتی گەرمیان بکەین "

بە ئامادەبونى (د. ئارام محمد قادر) وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى، ئاڵوگۆڕى پۆستى سەرۆکى زانکۆى گەرمیان بەڕێوەچو، کە تیایدا (پ.د.ئاراس فەریق) لە شوێنى (پ.د.فەرھاد قادر) وەک سەرۆکى نوێى زانکۆى گەرمیان  دەستبەکاربو.

ئەمڕۆ یەکشەممە ڕێکەوتى (٤_٨_٢٠٢٣)  بەئامادەبونى وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى و سەرۆک و ئەندامانى ئەنجومەنى زانکۆى گەرمیان سەرپەرشتیاری ئیدارەی گەرمیان بەوەکالەت و بەڕێوەبەری دەزگای سەرپەرشتی و  دڵنیای جۆری لە وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی و نوێنەری حزب و لایەنە سیاسیەکانی گەرمیان ، لە ڕێوڕەسمێکى تایبەتدا لە ئەنجومەنى زانکۆ، ئاڵوگۆڕ لە پۆستى سەرۆکى زانکۆى گەرمیان ئەنجامدرا.

لە وتەیەکدا پ.د.فەرھاد قادر سوپاس و دەستخۆشی لە بەرێز جەنابی وەزیر کرد کە لەماوەی ڕابردوو ھاوکار و پشتیوانی زۆر باشی زانکۆی گەرمیان بوونە ھەروەھا سوپاسی ئیدارەی گەرمیان و سەرجەم یەکە ئیدارییەکانی ناوچەکە کرد کە پاڵپشتی زانکۆ بوونە لەماوەکانی ڕابردوو.

لەدرێژەی وتەکەیدا سەرۆکی زانکۆ باسی لەوەکرد سەرباری ئەو قەیران و پێشھاتانەی کە لەماوەی ڕابردوو ڕویاندا، بە پاڵپشتی و ھاوکاری ستافی زانکۆ توانرا پێگەی زانکۆی گەرمیان بگەیەنینە ئاستێکی زۆرباش کە جێگەی دڵخۆشی ھەموو لایەکە.

لەکۆتایی وتەکەیدا سەرۆکی زانکۆ وتی؛ بەو پەڕی خۆشحاڵییەوە ئەم بەرپرسیاریەتیە مێژوویە ڕادەستی برای بەڕێزم دکتۆر (ئاراس فەریق)دەکەم جگە لەپیرزبایی گەرممان بۆ بەڕێزیان ھیوای سەرکەوتنی بۆ دەخوازین و بەھەموو شێوەیەک پاڵپشت و پشتیوانی دەبین.

لەدرێژەی مەراسیمەکەدا لە وتەیەکدا وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى هەوڵ و کارەکانى سەرۆکى پێشوى زانکۆى گەرمیانی بەرز نرخاند کە کار و پرۆژەکانى لەماوەى ڕابردو بۆ خزمەتکردنى زانکۆ و پەرەپێدانى سێکتەرى خوێندنى باڵا لە هەرێمى کوردستان و گەرمیان دیار و بەرچاوە، بۆ ئەمەش داواى لە ئەندامانى ئەنجومەنى زانکۆى گەرمیان کرد بە هەمان روحیەتى ڕابردو پاڵپشتى لە سەرۆکى نوێى زانکۆ بکەن بۆ تەواوکردنى ئەرک و پرۆژە زانستییەکان.

هەر لە وتەکەیدا د. ئارام محمد قادر ئاماژەى بە دەستکەوتە زانستییەکانى زانکۆى گەرمیان کرد کە رۆژ دواى رۆژ باشتر لەسەر نەخشەى ئەکادیمیاى جیهانى بەرەوپێش دەچێت لە ڕیزبەندى جیهانى زانکۆکاندا زانکۆى گەرمیان لە ئاستێکی زۆر باشدایە، ئەمەش مایەى شانازییە بۆ زانکۆ و ناوچەی گەرمیانیش.

لە بەشێکى دیکەى وتەکەیدا لە ڕێوڕەسمى ئاڵوگۆڕى پۆستى سەرۆکى زانکۆى گەرمیان، د. ئارام محمد قادر ڕایگەیاند: بۆ ھەموومان گرنگە خزمەتی گەرمیان بکەین ، خەڵکى گەرمیان شایەنی خزمەتی زیاترن لەوەی کە ئێستا بۆیان کراوە، ئێمە بە ئەرکی خۆمانی دەزانین و خەڵکی ناوچەکە و هەرێمى کوردستان چاویان لە پرۆژەى زانستى زیاترە لە زانکۆ و پاراستنى دەستکەوتەکانى لە ڕوى زانستى و پێشکەوتنەوە. بۆیە هیوادارین لەگەڵ دەستبەکاربونى سەرۆکى نوێى زانکۆ ئەم زانکۆیە لەسەرجەم ڕوەکانەوە زیاتر پێشکەوێت و سەربەخۆیی تەواویان بۆ دەستەبەربکرێت و دەست کراوە بن بۆ ئەنجامدانى پرۆژەى گرنگى ئەکادیمى.

ھەروەھا سوپاسی ئیدارەی گەرمیان و قایمقامیەتی قەزای کەلار و سەرجەم یەکە ئیدارەییەکانی ناوچەکە کرد کە ھاوکاری بەردەوامی زانکۆ بوونە.

لەکۆتاییدا مەراسیمەکەدا چەپکە گوڵی سەرۆکایەتی زانکۆ پێشکەش بە وەزیری خوێندنی باڵا و سەرۆکی نوێی زانکۆ کرا و ئاڵوگۆری پۆستی سەرۆکی زانکۆ ئەنجامدرا.

زانکۆ لە ڕانکەکاندا

بەستەرەکانی سۆشیال میدیا
پەیوەندیمان پێوە بکە
ئیمەیل : info@garmian.edu.krd
مۆبایل : 009647702120160
ناونیشان : عێراق، هەرێمی کوردستان، کەلار، زانکۆی گەرمیان
زانکۆی گەرمیان - 2024