ڕۆژی پێنجشەممە ١ـی ئابی ٢٠٢٤ لە ھۆڵی کۆبونەوەکانی سەرۆکایەتی زانکۆ بە ئامادەبوونی (پ.د.فەرھاد قادر) سەرۆکی زانکۆی گەرمیان و (پ.د.عزالدین جمعە دەروێش)یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆ بۆ کاروباری کارگێری و دارایی و (پ.ی.د.محەمەد ابراھیم خەلیل)یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆ بۆ کاروباری زانستی و خوێندنی باڵا ، لەدوای چوارساڵ کارکردنی بەردەوام (پ.د.فەرھاد قادر) سەرۆکی زانکۆ کۆتا کۆبوونەوەی خۆی لەگەڵ بەڕێوەبەری سەرجەم بەڕێوەبەرایەتییەکانی زانکۆ ئەنجامدا.
لە کۆبونەوەکەدا سەرۆکی زانکۆ سوپاس و پێزانینی خۆی ئاراستەی سەرجەم بەڕێوەبەر و مامۆستایان و فەرمانبەرانی زانکۆ کرد کە لەماوەی چوارساڵی ڕابردوو ھاوکار و پشتیوانی بوونە لە سەرخستنی کاروبارەکانی زانکۆ و بەرەوپێش بردنی زانکۆ بۆ ئاستێک کە جێگەی دەستخۆشی و دڵخۆشی ھەموولایەکە.
لە درێژەی وتەکەیدا سەرۆکی زانکۆ ئاماژەی بەوەکرد کە سەرباری ھەموو ئەو کۆسپ و قەیرانە دارایی و تەندروستی و سیاسیانەی کەلە ماوەی ڕابردوو دوچاری وڵات بوون، بەلام توانیمان بە یەک تیم و دەست لەناودەست زانکۆ بگەیەنین بە ئاستێکی باش کە ھیوای ھەموومانە، ھەروەھا داوای لە ستافی زانکۆ کرد کە چۆن لە ڕابردوو ھاوکار و پشتیوانی ئێمە بوونە بۆ بەرەوپێش چوونی زانکۆ بەھەمان نەفەس و بە گڕوتینێکی باشتر لەخزمەت سەرۆکی نوێی زانکۆدا بن بۆ ئەوەی لەکۆتاییدا پێکەوە سەرکەوتنە بەردەوامەکانی زانکۆی گەرمیان ببینین.
لەکۆتاییدا سوپاس ھەموانی کرد و ھیوای خواست زانکۆی گەرمیان لەبەرزترین ئاستی زانستیدا ببینن.