بەگوێرەی دوایین ئاماری دەزگای سکۆپەس کە لەلایەن وەزارەتی خوێندنی باڵای عێراقەوە بڵاوکراوەتەوە، زانکۆی گەرمیان بووە بە خاوەنی ( ٥٠٦ ) بڵاوکراوەی زانستی لەم دەزگایەدا ، کەلەلایەن توێژەرانی زانکۆوە بڵاوکراونەتەوە .
ئەوەی جێی خۆشحاڵییە بەرەوپێشچوونێکی باش لەژمارەی توێژینەوەکاندا بەدی دەکرێت ، بەجۆرێک تاساڵی (٢٠١٧ ) خاوەنی تەنها ( ٥) بڵاوکراوە بووە و لەساڵی (٢٠١٩) دا ژمارەی دیکۆمێنتە تۆمارکراوەکان گەیشتووە بە (٢٤) توێژینەوە ، ئەمە لەکاتێکدایە تەنها لە ساڵی (٢٠٢٣) دا (١٣٢) توێژینەوە تۆمارکراوە و لە شەش مانگی یەکەمی (٢٠٢٤) یشدا (٨٠) توێژینەوەی تر لە پڵاتفۆرمی دەزگای سکۆپەس تۆمارکراون .
بێگومان ئەم هەنگاوە زانستییە گەورەیەش جێگای ئومێدە بۆ زیاتر ناساندن و دەرکەوتنی زانکۆ لە ڕیزبەندییە جیهانییەکان بەتایبەتی ریزبەندی (THE) و هەروەها دەرخەری ئەوەیە کە توێژەرانی زانکۆمان زیاتر ئاستی زانستی تویژینەوەکانیان بەرزکردوەتەوە و لەگۆڤارە زانستیە نێودەوڵەتییە ئاست بەرزەکاندا بڵاویان دەکەنەوە .
ئەمەش بەشێکە لە ستراتیجی سەرۆکایەتی زانکۆ لەپێناو بەرەو پێشچوونی زانستی و بەنێودەڵەتیبوونی زانکۆی گەرمیاندا لەڕێگەی هاندان و دابینکردنی پاداشتی توێژینەوە بۆ توێژەرانی زانکۆ سەرەڕای قەیرانە داراییەکان .
شایانی باسە دەزگای سکۆپەس دەزگایەکی نێودەوڵەتی گرنگ و دیارە کە ساڵانە ئاماژە دەکات بە ژمارەی ئەو توێژینەوانەی کە لە گۆڤارە هەرە ئاست بەرزەکانی جیهاندا لەلایەن توێژەرانی ناوەندە ئەکادیمیەکانەوە بڵاو دەکرێتەوەو زۆرێک لە ریزبەندییە جیهانییەکان پشتی پێدەبەستن بۆ ریزبەندیکردنی زانکۆکانی جیهان.