لە ڕێورەسمى دەرچوانى خولى سێهەمى راهێنانى پێداگۆجیدا سێ مامۆستای زانکۆی گەرمیان، بڕوانامەى نێودەوڵەتی زانکۆى (HAMK) ى فینلاند لەلایەن وەزیری خوێندنی باڵاوە پێبەخشرا.
ئەمڕۆ دووشەممە ڕێکەوتى (٨ تەموزی ٢٠٢٤) بە چاودێری و ئامادەبونى د. ئارام محەمەد قادر وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی و ژمارەیەک لە سەرۆک زانکۆ حکومی و تایبەتەکان و ڕاوێژکارى وەزیر و بەڕێوەبەرانى گشتى و (پ.د.فەرھاد قادر) سەرۆکی زانکۆی گەرمیان و (پ.ی.د. ئەسعەد محەمەد)بەڕێوەبەری سێنتەری پێداگۆجی زانکۆی گەرمیان، رێوڕەسمی ئاهەنگی دەرچونی خولی سێهەمی بەشداربوانی راهێنانی پێداگۆجی لەگەڵ زانکۆی (HAMK)ى فينلەندی لە هۆتێل هەولێرى نێودەوڵەتى بەڕێوەچوو.
لە مەراسیمەکەدا ھەریەکە لە ( د. شاخەوان حەسەن ، د. سروە عبدالمجید ، م. محەمەد حەسەن ) مامۆستایانی زانکۆمان بڕوانامەى نێودەوڵەتی زانکۆى (HAMK) ى فینلاند لەلایەن وەزیری خوێندنی باڵاوە پێبەخشرا.
لە دەستپێکدا بە وتاری بەخێرهێنان لەلایەن د. ژاڵە سەعید خەتات بەڕێوەبەریی گشتی فەرمانگەی توێژینەوە و پەرەپێدان دەستیپێکردو هەروەها کورتەیەکیشى لەبارەى خولى سێهەمى بەشداربوانى راهێنانى پێداگۆجى پێشکەش کرد لە ڕوى ڕێژەى بەشداربوان و سەکەوتنى راوندەکە.
لە وتەیەکدا وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەى زانستى پیرۆزبایی لەو (٤١) مامۆستایە کرد کە بڕوانامەی نێودەوڵەتی بە دەستدەهێنن و بۆ ماوەی شەش مانگ لەسەر کۆمەڵێک چەمک و کۆنسێپتی نوێی پێداگۆجی مۆدێرن راهێنانیان وەرگرتوە، بۆ ئەمەش دەستخۆشی و سوپاسی خۆی گەیاندە هەموو ئەو لایەنانەی کە پەیوەندییان بە سەرخستنی پڕۆسەکە هەبوە. بەتایبەت سپۆنسەرەکانی ئەم پڕۆگرامە هەریەک لە زانکۆکانى (لوبنانی فەرەنسی، نەورۆز، قەیوانى نێودەوڵەتی، گەشەپێدانی مرۆیی).
وتیشى: هاوشانی ئەم بەرنامەیە بە هەماهەنگی لەگەڵ زانکۆی (mit) ئێستا ئامادەکاری دەکەین بۆ دامەزراندنی سێنتەرەکانی داهێنان و کارسازی لە زانکۆکانی کوردستان بۆ ئەم مەبەستە (٢٠) مامۆستای زانکۆکانی ئێمە لەلایەن زانکۆ (mit) راهێنانیان پێکراوە.
دواتریش پانێڵێکى تایبەت بە پەرەپێدانی بەرنامەی پێداگۆجی و هەنگاوەکانی ئایندە لە لایەن (د.ئامانج عەبدولا سەعید) راوێژکاریی وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی پێشکەشکرا، هەریەک لە ( د. ژاڵە سەعید خەتات) بەڕێوەبەریی گشتی فەرمانگەی توێژینەوە و پەرەپێدان، (د. وەلا غازى) بەڕێوەبەری سەنتەری راهێنانی پێداگۆجی زانکۆی سەڵاحەدین، (م. ستەم کەمال)، بەڕێوەبەری سەنتەری راهێنانی پێداگۆجیی زانکۆی سلێمانی و (م.محەمەد) بەڕێوەبەری سەنتەری راهێنانی پێداگۆجی زانکۆی دهۆک بەشدارییان لە پانێڵەکەدا کرد.
لە کۆتایی رێورەسمەکەیشدا بڕوانامە لەلایەن وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستییەوە پێشکەشی بە دەرچوانی خولی سێهەمی بەشداربوانی راهێنانی پێداگۆجی کرا.