زانکۆی گەرمیان
هەواڵەکان

سەرۆکی زانکۆ گەرمیان بەشداری واژۆکردنی لێكتێگەیشتنی هاوبەشی نێوان زانكۆكانی سنوری سلێمانی‌ و (۲۱) زانكۆی حكومی‌ و ئەهلی ئوردن کرد

2024-05-08

ڕۆژی ۷ی ئایاری ۲۰۲٤، بە ئامادەبوونی پرۆفیسۆر دكتۆر كۆسار محەمەد عەلی سەرۆكی زانكۆی سلێمانی‌ و د.هەڤاڵ ئەبوبەكر پارێزگاری سلێمانی‌ و نوێنەری وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی‌ و كونسوڵی گشتی ئوردن لە هەرێمی كوردستان، دیداری نێوان وەفدی زانكۆكانی ئوردن‌ و زانكۆكانی سنوری سلێمانی لە كەمپی نوێی زانكۆی سلێمانی بەڕێوەچوو.
پاشان لە مەڕاسیمێكی شایستەدا لێكتێگەیشتنی هاوبەش لە نێوان زانكۆكانی سنوری سلێمانی‌ و (۲۱) زانكۆی حكومی‌ و ئەهلی ئوردن واژۆكرا، كە چەندین تەوەری گرنگ لە خۆدەگرێت لەوانە؛ هەماهەنگیكردن بۆ ئاڵوگۆری خوێندكاران‌ و مامۆستایان‌ و ئەنجامدانی توێژینەوەی هاوبەش‌ و هاوكاریكردنی زانستی‌ و كەلتوری لە سەرجەم بوارەكاندا.
سەرەتای دیدارەكە، پارێزگاری سلێمانی وتەیەكی پێشكەشكرد و هیوای خواست ئەم دیدارە، دەستپێشخەرییەكی گەورەی زانستی بێت لە پێناوی پەرەپێدانی خوێندنی باڵا لە هەرێمی كوردستان بە گشتی‌ و زانكۆی دایك‌ و زانكۆكانی دیكەی سنوری پارێزگای سلێمانی.
پاشان فؤاد خاصر المجالى، كونسوڵی گشتی ئوردن لە هەرێمی كوردستان، لە وتەیەكدا ڕایگەیاند: پەرەپێدانی پەیوەندییەكانی نێوان ئوردن‌ و هەرێم تەنیا پەیوەندی ئەكادیمی‌ و ڕۆشنبیری لە خۆناگرێت، بەڵكو هەموو پەیوەندییەكان دەگرێتەوە.
لەلایەن خۆشییەوە، د.سلامة صالح سەرۆكی زانكۆی موئتە بە نوێنەرایەتی د.مەئمون محەمەد ئەلدبەیعی ئەمینداری گشتی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی لە وڵاتی ئوردن‌، وتەیەكی پێشكەشكرد و ڕایگەیاند: ئەم لێكتێگەیشتنانە بۆ پتەوكردنی پەیوەندییەكانی نێوان ئوردن‌ و هەرێمی كوردستانە بەتایبەت لە ڕووی ڕۆشنبیری‌ و زانستییەوە.
دواتر پ.د.كۆسار محەمەد عەلی سەرۆكی زانكۆی سلێمانی وتارێكی پێشكەشكرد و دیدارەكەی بە گرنگ وەسفكرد و ڕایگەیاند: لێكتێگەیشتنی نێوان زانكۆكانی كوردستان‌ و هەندێك لە زانكۆكانی ئوردن، دەرفەت بە ڕووی خوێندكاران‌ و كۆلێژ‌ و توێژەراندا دەكاتەوە و ڕێڕەوی ئەكادیمی لە داهاتوودا دادەڕێژێت.
جێی باسە، دیداری وەفدی زانكۆكانی ئوردن لەگەڵ زانكۆكانی هەرێم ماوەی سێ ڕۆژ بەردەوام بوو، ڕۆژی یەكەم لە هەولێر‌ و ڕۆژی دووەم لە دهۆك‌ و ڕۆژی سێیەم لە سلێمانی بوو. بە وتەی بەرپرسانی هەردوولا، ئەم دیدارانە هەنگاوی گرنگن بۆ بەستنەوەی پەیوەندی بەهێز لەگەڵ زانكۆكانی ئوردن، كە زانكۆی زۆر باش‌ و پێشكەوتووی تێدایە لە سەرجەم بوارەكاندا.

زانکۆ لە ڕانکەکاندا

بەستەرەکانی سۆشیال میدیا
پەیوەندیمان پێوە بکە
ئیمەیل : info@garmian.edu.krd
مۆبایل : 009647702120160
ناونیشان : عێراق، هەرێمی کوردستان، کەلار، زانکۆی گەرمیان
زانکۆی گەرمیان - 2025