Garmian
زانکۆی گەرمیان
Garmian
زانکۆی گەرمیان
زانکۆی گەرمیان
هەواڵەکان

زانکۆی گەرمیان و زانکۆیەکی چین یاداشتنامەیەکی لێکتێگەیشتنی ئەکادیمیان واژۆ کرد

2026-09-23

لە چوارچێوەی فراوانکردنی پەیوەندییە ئەکادیمییە نێودەوڵەتییەکان و بەرەوپێشبردنی هاوبەشییە زانستییەکان، سەرۆکایەتیی زانکۆی گەرمیان یاداشتنامەیەکی لێکتێگەیشتنی لەگەڵ زانکۆی هاربین لە کۆماری چین واژۆ کرد.

ڕۆژی شەممە (٢٠ـی ئەیلولی ٢٠٢٦)، لە مەراسیمێکدا کە لە سەرۆکایەتی زانکۆی هاربین و بە ئامادەبوونی یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆی هاربین بۆ بەڕێوەبردنی زانستی و بەڕێوەبەری پەیوەندییە ئەکادیمییەکان و بەرپرسی فەرمانگەی هەماهەنگی نێوان زانکۆکان و ستافێک لە مامۆستایانی زانکۆکە و شاندێکی زانکۆی گەرمیان ڕێکخرابوو، کە پێکهاتبوون لە ( پ.ی.د. سالار مەحمود محمدساڵح) بەڕێوەبەری پەیوەندییە ئەکادیمییە نێودەوڵەتییەکان و (م.دەشتی عەلی ڕەشید) بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی زانکۆ، یاداشتنامەی لێکتێگەیشتن لەنێوان هەردوولا واژۆکرا.

ئامانج لەم یاداشتنامەیە دروستکردنی چوارچێوەیەکی تۆکمەیە بۆ هەماهەنگیی ئەکادیمی و ئاڵوگۆڕی زانستی لە نێوان هەردوو زانکۆدا، لەسەر بنەمای پابەندیی هاوبەش بۆ پێشخستنی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی، هەربەپێی بەندەکانی یاداشتنامەکە، هەردوو زانکۆ کاردەکەن بۆ ڕێکخستنی وۆرکشۆپ، سیمینار و کۆنفرانسی نێودەوڵەتی، ئاڵوگۆڕی ستافی ئەکادیمی و خوێندکاران و بەشداریکردن لە پرۆگرامە نێودەوڵەتییەکاندا، و هاندانی مامۆستایان و توێژەران بۆ ئەنجامدانی توێژینەوەی هاوبەش و ئاڵوگۆڕی سەرچاوە فێرکارییەکان.

لە تەوەرێکی تری مەراسیمەکەدا، شاندی زانکۆی گەرمیان داوایان لە لایەنی چینی کرد بۆ ساڵانی داهاتوو دەرفەتی بەشداریپێکردنی زیاتری ستافی ئەکادیمیی زانکۆی گەرمیان لە پرۆگرام و وۆرکشۆپە نێودەوڵەتییەکانی زانکۆی هاربیندا بکەن، لایخۆیانەوە بەڵێنی جێبەجێکردن و فراوانکردنی هەماهەنگییەکانیان دووپات کردەوە.

واژۆکردنی ئەم یاداشتنامەیە هاوكات بوو لەگەڵ بەشداریی شاندی زانکۆی گەرمیان لە وۆرکشۆپێکی دوو هەفتەییدا لە شاری هاربین بە ناونیشانی (سیاسەت و ڕاهێنانە کردارییەکان لە سەردەمی وەرچەرخانی کارگێڕیی دیجیتاڵی و بەڕێوەبردنی وزەی مرۆیی و پیشەسازییەکان بۆ وڵاتانی کەمەربەند)، کە لەلایەن زانکۆی هاربین و وەزارەتی بازرگانیی چینەوە ڕێکخرابوو.

زانکۆی هاربین لە ساڵی (١٩٥٢) دامەزراوە و زیاتر لە (٢٥) هەزار خوێندکاری بەکالۆریۆس و (١٦٠٠) خوێندکاری خوێندنی باڵای هەیە.

زانکۆ لە ڕانکەکاندا

Garmian
بەستەرەکانی سۆشیال میدیا
پەیوەندیمان پێوە بکە
ئیمەیل : info@garmian.edu.krd
مۆبایل : 009647702120160
ناونیشان : عێراق، هەرێمی کوردستان، کەلار، زانکۆی گەرمیان
زانکۆی گەرمیان - 2026