ڕۆژی هەینی (١٢ـی ئەیلولی ٢٠٢٥)، سەرۆکی زانکۆی گەرمیان وەک پانێڵیست بەشداری لە پانێڵیکی زانستیی لەبارەی گرنگی کتێب لە پێشخستنی لایەنی زانستی و ئەکادیمی کرد، کە لە شاری سلێمانی بە ئامادەبوونی پارێزگاری شارەکە و ژمارەیەک لە ئەکادیمیستان بەڕێوەچوو.
پانێڵەکە، لەچوارچێوەی دیداری ناساندنی کتێبی ڕێبەری چڕی گیرفانی ئێسکی شەویلگەی سەروو، کە لەلایەن پزیشکە پسپۆڕەکان پرۆفیسۆری یاریدەدەر دکتۆر گۆران لەتیف عومەر و پرۆفیسۆر دکتۆر ستیفانۆ دی گیرۆلامۆوەوە، بەبەشداری تیمێکی پسپۆڕی ناوخۆیی و نێودەوڵەتیی وەک ڕێبەرێکی زانستیی بۆ بواری خوێندنی ئەکادیمیی و کرداریی؛ لەلایەن پەخشەری ناوداری جیهانیی (سپرینگەر)ەوە؛ بڵاوکراوەتەوە.
لە بەشێکی پانێڵەکەیدا، (پرۆفیسۆر د.ئاراس فەریق زەینەڵ) سەرۆکی زانکۆی گەرمیان باسی لە ڕۆڵی نوسینی کتێبی زانستی لە پێشخستنی لایەنی زانستی و ئەکادیمی لە هەرێمی کوردستان کرد و ئاماژەی بەوەشکرد کتێب لە هەموو سەردەمەکاندا گرنگترین ئامرازی پەیوەندی نێوان مرۆڤ و زانین بووە، وتیشی: لە زانکۆکانی هەرێمی کوردستاندا، کتێب نەک هەر سەرچاوەی زانیارییە، بەڵکو پردێکە بۆ گەیشتن بە ئاستێکی بەرزتری فکری و ئەکادیمی.