لەچوارچێوەی هەوڵە بەردەوامەکانی (پرۆفیسۆر د.ئاراس فەریق زەینەڵ) سەرۆکی زانکۆی گەرمیان بۆ بوژاندنەوە و گەشەی زانستیی زانکۆ، توانرا ڕەزامەندی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی بۆ کردنەوەی (٢) بەشی زانستیی نوێ وەربگیرێت.
هەریەکە لە بەشەکانی (گەشتوکاڵ، ئەندازیاری تەلارسازی) سەر بە سەرۆکایەتی زانکۆی گەرمیان بۆ ساڵی خوێندنی (٢٠٢٥-٢٠٢٦) کرایەوە و وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی/ بەڕێوەبەرایەتی دڵنیایی جۆری و متمانەبەخشین بە دوو نوسراوی جیا بە ژمارەکانی (١٦٨٧٥ و ١٦٨٧٢) لە ڕێکەوتی (٢٠٢٥/٩/١١) ڕەزامەندی لەسەر کردنەوەی هەردوو بەشەکە دەربڕی.
بەشی گەشتوکاڵ، بۆ یەکەمجارە لە زانکۆکانی هەرێمی کوردستان لە زانکۆی گەرمیان دەکرێتەوە و تێکەڵەیەکە لەنێوان هەردوو پسپۆڕی (گەشتوگوزار و کشتوکاڵ) و بەشێکی سەردەمیانەی گرنگە.
لە چەند مانگی ڕابردووداشدا، لەسەر ڕاسپاردەی سەرۆکی زانکۆی گەرمیان و لەلایەن یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆ بۆ کاروباری زانستی و خوێندنی باڵا و بەڕێوەبەرایەتی دڵنیایی جۆری و پەرەپێدانی پرۆگرامەکانەوە، پرۆپۆزڵی کردنەوەی (١٠) بەشی زانستیی نوێ ئامادەکرا و بۆ وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی/ دەزگای دڵنیایی جۆری و متمانەبەخشین بەرزکرایەوە، دواتر کردنەوەی بەشەکانی ( زانستە گشتییەکان لە کۆلێجی پەروەردەی بنەڕەت، خۆراک و خۆراکزانی لە کۆلێجی زانست، ژمێریاریی ئەلیکترۆنی، پەرپێدان و پلاندانانی شار، سیستمە سیاسییەکان و سیاسەتی گشتی) بۆ ساڵی خوێندنی (٢٠٢٥-٢٠٢٦) پەسەندکرا.
سەرۆکی زانکۆی گەرمیان بەناوی ئەنجومەنی زانکۆوە سوپاس و پێزانین ئاراستەی هەریەک لە (د.ئارام محەمەد قادر) وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی و (د.محەمەد حسێن) بەڕێوەبەری گشتی دەزگای دڵنیایی جۆری وەزارەت دەکات، کە هاوکار و پاڵپشتبوون لە کردنەوەی بەشەکاندا.
جێگای ئاماژەیە، ماوەی زیاتر لە (٦) ساڵە هیچ بەشێکی زانستی لە زانکۆی گەرمیان نەکراوەتەوە و بەهۆی کەمبوونەوەی خواستی خوێندنیش لەسەر ژمارەیەک لە بەشەکان، ژمارەی خوێندکارانی زانکۆکە بەرەو کەمبوونەوە چووە و ئەوەش کاریگەریی نەرێنی لەسەر ڕانکی زانکۆ و گەشەکردنی ھەبووە.