ڕۆژی چوارشەممە (١٨ـی کانونی یەکەمی ٢٠٢٤)، پێشبڕکێی (ICT) هواوی بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئاسیای ناوەڕاست بە هاوبەشی لەگەڵ پەیمانگای یونسکۆ بۆ تەکنەلۆجیای زانیاری لە پەروەردە (IITE) لە وڵاتی سعودییە بەڕێوەچوو، تێیدا خوێندکارێکی زانکۆی گەرمیان توانی سەرکەوتن بەدەستبهێنێت.
ڕەسوڵ لەتیف عەبدولڕەحمان، خوێندکاری بەشی زانستی کۆمپیوتەری کۆلێجی زانست و فێرخوازی ئەکادیمیای هواوی زانکۆی گەرمیانە، بەهاوبەشی لەگەڵ زیاتر لە (٣٠٠) فێرخواز لە (١٩) وڵاتی تایبەت بە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و وڵاتانی ئاسیای ناوەڕاست، لە شاری ڕیازی پایتەختی سعودیە بەشدارە لە مەراسیمی دابەشکردنی خەڵات بەسەر سەرکەوتوواندا.
رەسوڵ لەتیف، توانی لە تراکی (Cloud) پلەی یەکەم بەدەستبهێنێت و سەربکەوێت بۆ ئاستی جیهان، کە بڕیارە لە مانگی (ئایاری ٢٠٢٥) بۆ ماوەی (١٠) ڕۆژ لە وڵاتی چین، تاقیکردنەوە لەسەر ئاستی زانکۆکانی جیهاندا بکات.