خوێندکارێکى زانکۆى گەرمیان، لە نێوان خوێندکارانى (٥٠) زانکۆ لە عێراقدا، یەکێکە لەو فێرخوازە سەرکەوتووانەی لە پێشبڕکێی ئەکادیمیاى هواوی و گەیشتە ئاستى ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست و وڵاتانی ئاسیای ناوەڕاست.
ڕەسوڵ لەتیف عبدالرحمن، خوێندکاری بەشى زانستى کۆمپیوتەرە لە کۆلێجی زانست و لە پێشبڕکێکەدا سەرکەوتوو بووە.
ئەکادیمیاى هواوى، ساڵانە پێشبڕکێ بۆ ئەو زانکۆیانەى جیهان ڕێکدەخات کە ئەکادیمیای هواوی-یان هەیە، بۆ ئەمساڵ لە (٥٠) زانکۆى عێراقەوە زیاتر لە (٤٠٠٠) خوێندکار ناویان تۆمار کردبوو کە بەشداریى لە پێشبڕکێکەدا بکەن، لە ئاستى سەرەتایى (٩١) خوێندکار سەرکەوتن، لەو ژمارەیەش سێ کەسیان خوێندکاری زانکۆى گەرمیان بوون کە سەرکەوتن بۆ قۆناغى فایناڵ لەسەر ئاستى عێراق، خوێندکارەکان پێکهاتبوون لە (ڕەسوڵ لەتیف، بەرخۆدان عەباس، بەڕێز ئەکبەر)، دواتریش ئەو (٩١) خوێندکارە لەسەر ئاستی عێراق تاقیکردنەوەیان ئەنجامدا و (٩) فێرخوازیان سەرکەوتن بۆ ئاستی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و وڵاتانی ئاسیای ناوەڕاست، کە یەکێک لەو خوێندکارە سەرکەوتوانە (ڕەسوڵ لەتیف)ە لە زانکۆی گەرمیان.
بڕیارە لە (٢ـی کانونی یەکەمی ٢٠٢٤) لە ئۆفیسی هواوی - شاری هەولێر، ڕەسوڵ بۆ بەشدارییکردن لە پێشبڕکێى هواوی/ ئاستى ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست و وڵاتانی ئاسیای ناوەڕاست، تاقیکردنەوە ئەنجامبدات، لەئەگەری سەرکەوتنیدا؛ بۆ ماوەی (٣) ڕۆژ سەردانی وڵاتی سعودیە دەکات بە مەبەستی وەرگرتنی خەڵات و سەردەکەوێت بۆ ئاستی جیهان (Global)، کە تاقیکردنەوەی جیهانی لە وڵاتی (صین) بەڕێوەدەچێت.