سەرلەبەیانی ئەمڕۆ (۲٠۲٤/۱٠/۳۱)، وەکو بەشێک لە چالاکییەکانی پرۆژەی (Heritage Horizons)، تیمێکی زانکۆی بۆڵۆنیا لە وڵاتی ئیتاڵیا، کە لە هەمان کاتدا ئەندامی ڕێکخراوی (MiSAK)ـن، سەردانی زانکۆی گەرمیانیان کرد.
بە ئامادەبوونی (پ.ی.د. محمد ئیبراهیم) یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆ بۆ کاروباری زانستی و خوێندنی باڵا، کۆبوونەوەیەک لەگەڵ تیمەکەی زانکۆی بۆڵۆنیا و ئەندامانی پرۆژەکە لە هەریەک لە زانکۆی گەرمیان، بەڕێوەبەرایەتی شوێنەوارناسی گەرمیان و بەڕێوەبەرایەتی گەشتوگوزاری گەرمیان بەڕێوەچوو.
شایەنی باسە، پرۆژەی (Heritage Horizons) پرۆژەیەکی نێودەوڵەتی کورتخایەنی هاوبەشە لە نێوان زانکۆی بۆڵۆنیا، زانکۆی گەرمیان، بەڕێوەبەرایەتی شوێنەوارناسی گەرمیان، بەڕێوەبەرایەتی گەشتوگوزاری گەرمیان، ڕێکخراوی (MiSAK)، و پەیمانگەی نێودەوڵەتیی فەرهەنگیی کوردی. پرۆژەکە ماوەیەکە دەستی بە کارەکانی کردووە و تاوەکو مانگی پێنجی ۲٠۲٥ بەردەوام دەبێت. ئامانجی پرۆژەکە خزمەتکردنە به شوێنەوارەکانی دەڤەری گەرمیان لەپێناو ڕێکخستنەوه و خزمەتكردن و پارێزگاريكردن لێیان و ناساندنيان وەك شوێنى گەشتیاری بەڕێگەی مودێرن، کە بەپێی پرۆپۆزەڵى پرۆژەكه داڕێژراوە.